'' پارتی ستراتیژیەتی کارکردن و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی فراوانتر دەکات.''

دهۆک-KDP.info- لە کۆنگرەی پارتیدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، کۆنگرەی پارتی لە هەموو بوارەکاندا نەوعی دەبێت، دواتر پارتی بڕیاری دا لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکات و هەموو کارێک بکات لەپێناو خزمەتی گەلی کوردستان، سەرۆک بارزانییش هەموو ئەندامانی کۆنگرە و کۆمیتەی ناوەندیی ڕاسپارد، هیمەت بکەن و خزمەتی کوردستان بکەن.
لەو بارەیەوە، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆنگرەی پارتی کۆنگرەیەکی نەوعی بوو، کە دەڵێین نەوعی بە هەموو خاڵەکانییەوە، بۆ نموونە لە شەفافیەت و گۆڕێنی کاری ڕیکخراوەیی و ئەو خاڵانەی کە سەرۆک بارزانی دووپاتی لەسەر کردنەوە، ئەمە کارنامەی پارتی بوو بۆ قۆناغی داهاتوو و کراوەتر دەبێت لەگەڵ هەموو حزبە کوردستانییەکان، چونکە بەڕاستی پارتی پێشتریش هەر بە هەمان شێوە بوو، بەڵام ئێستا باشتری دەکات، ئەویش یەکڕێزیی ماڵی کوردە، کە ئەمە چەندەها ساڵە داوای دەکات، بەڵام ئەم جارە زیاتر کرایەوە لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان و گفتۆگانیش زیاتر دەکات.''
لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ هێز و لایەنەکان، ئەشواق جاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''چونکە ناوخۆی کوردستان چەند بەهێز بێت، کاریگەرییەکی ئیجابیی دەبێت، چ لە واقع و گۆڕەپانی سیاسەتی عێراقی و چ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا، بەنیسبەت عێراق، بەداخەوە حکوومەتی عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا نەبووە، هەر حکوومەتێک، یان کابینەیەک کە پێک هێنراوە کارنامەکەی لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا جێبەجێ ناکرێت، ئێستا ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا کە بەشدارییان کردووە لە ئیدارەی دەوڵەتی عێراق و ئیمزایان کردووە و جێگیریان کردووە لەنێو کارنامەی حکوومەتی تازەی عێراقدا و هەموویان ڕازی بوونە لەسەری کە جێبەجێ بکریت، ئەمەش پارتی بە هەموو تواناکانییەوە کار دەکات ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت بۆ ئیدارەی دەوڵەت و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، کورد داوای هیچی زیاتر لە دەستووری نەکردووە و کەمتریش پێشێلکارییە دژی مافەکانی کورد و هەموو هاووڵاتییانی عێراقی لە زاخۆەوە تا بەسرە.''
ئەشواق جاف ئەوەیشی گوت: ''بەنیسبەت وڵاتانی ئیقلیمییەوە، کوردستان تۆپباران دەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی دەستوورە و زێدەڕۆییە لەسەر سیادەی عێراقی و دەبێت حکوومەتی عێراق ڕۆڵێ خۆی ببینێت لە پاراستنی سیادەکەی لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر خاکی کوردستان نەکرێتە قوربانیی ئەو ململانێ سیاسییانەی ئەو وڵاتانە و پارتی کار لەسەر ئەم خاڵانە دەکات کە دەبێت ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پاڕیزراوتر بێت.''
هاوکات، عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پارتی بە حوکمی ئەو پێگە و هێزەی هەیەتی کاریگەییەکی قووڵی لەسەر ژیانی هەموو کوردستان هەیە، کەواتە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی هەموو کوردستان هەژمار دەکرێت، هەموو هەنگاوێکی پارتی ڕاستەوخۆ لەسەر هەموو کوردستانیان کاریگەریی هەیە، لە کۆنگرەی پارتییشدا هێزێکی تازە درایە پارتی، چونکە خوێنێکی نوێ و گەنج هاتە نێو سەرکردایەتیی پارتی، ئەمەش دەبێتە گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر کوردستان و ناوچەکە.''
عەلی عەونی گوتیشی: ''پارتی بڕیاری باشی وەرگرتووە لەبارەی سەرەردەریکردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو ئەوپەڕی کراوەتر بێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هێزی خۆی بباتە بەغدا و هەموو ئەو مەغدووریەتەی لەسەر کوردستان هەیە لەوێوە ڕاستی بکاتەوە و مافەکانی بەدەست بهێنیت و ئاراستەی پەیوەندییەکانی ڕاستتر و باشتر بکاتەوە.''
گوتیشی: ''پارتی پەیامی هەیە بۆ هەموو لایەک و بۆ هەموو وڵاتانی دیار کردووە کە ئێمە هەڕەشە نین بۆ هیچ لایەک و ڕۆژێک لە ڕۆژان کاریش ناکات دراوسێیەکانی خۆی ئازار بدات، سەرۆک خۆی فەرمووی مرۆڤ دەتوانێت هاوڕێکانی هەڵبژێرێت، بەڵام هەڵبژاردنی دراوسێکان بەدەست خۆمان نییە، ئێمە سەرەدەرێکردنێکی پراگماتیکی لەگەڵیان دەکەین، جێگایی داخە ئەوان کێشەی خۆیان بە ئێمە پەردەپۆش دەکەن، ئەگەرنا ئێمە کێشە نین بۆ هیچ لایەنێک، پەیامی پارتی پەیامی ئاشتی و ڕێزگرتنە بۆ هەموو ئەو وڵاتانە و یەکڕیزی و تەباییە بۆ نێوخۆ و دەبێت هەموومان یەکڕیز بین و مافە دەستورییەکانمان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا جێبەجێ بکرێت.''
کـــاروان بــاعەدری




