٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێش کۆتاییی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی بودجەی ئامادە کردووە و هەرکاتێک بودجەی عێراق پەسەند کرا، حکوومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە پشکی خۆی دەستکاریی ڕەشنووسەکە دەکات و پێش کۆتاییی ساڵ ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.

دکتۆر ئەرشەد تەها، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم ڕەشنووسی بودجەی ئامادە کردبوو، بەڵام حکوومەتی عێراق پشکی هەرێمی ڕەوانە نەکرد، بۆیە نەتوانرا پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکەن و ئەمساڵ ڕەشنووسەکە ئامادەیە و حکوومەتی عێراقیش دەستی بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجە کردووە و بڕیارە لە کۆتاییی ئەم مانگە بگاتە پەرلەمانی عێراق و پشکی هەرێمیشی تێدایە و حکوومەتی هەرێمیش لەسەر خەتە لەگەڵ بەغدا لەبارەی پشکی هەرێم، بۆیە ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، ئەمەش دوای ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و پەسەندکردنی بودجەی عێراق لە پەرلەمان.''

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: ''ئێستا هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق خەریکی ئامادەکردنی بودجەن و هەردووکیان ڕەشنووسیان ئامادە کردووە و بڕیارە حکوومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ڕەشنووسی خۆی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات کە پێش کۆتایی ئەمساڵ دەبێت.''

تەها باسی لەوەش کرد: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستکاریی ڕەشنووسی خۆی دەکات و نرخی نەوت ڕەنگدانەوەی دەبێت کە بەرزە، بۆیە هەردوو پڕۆژەیاساکە تێروتەسەل دەبن و بەشێکی باشی بودجە بۆ کەرتی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.''

 

بڵند ئیبراهیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار