د. بێوار خنسی: ھەرێم پێشوازیی لە هەڵوێستی عێراق دەکات بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز

هەولێر -KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە کار بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز دەکەن. ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ کاروباری وزە دەڵێت، ھەرێم پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی عێراق دەکات و پێویستە پێکەوە کار بکەن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز.
د. بێوار خسنی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێم پێشوازی لە دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ دەرکردنی یاسای نەوت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند، کە ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە کێشەی نەوت و غاز بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت و لیژنەیەکی پسپۆڕ لەسەر ئاستی ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا پێک دێت.''
ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: "پێویستە داھاتی نەوت بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر عێراقدا دابەش بکرێت و دەزگایەکی فیدراڵی دروست بکرێت بۆ کەرتی نەوت و غاز، ھەروەھا بەپێی دەستوور دەسەڵاتەکان بەسەر ھەرێم و پارێزگاکاندا دابەش بکرێن.''
د. بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: ''بەداخەوە ٩٦%ی داھاتی عێراق لەسەر کەرتی نەوتە، کەچی تا ئێستا یاسایەکی یەکگرتووی نەوت و غازی نییە، ئەوەیش یەکێکە لە کێشەکان، پێویستە دەسەڵاتەکان بە مەرکەزی نەکرێن، بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای ماددەکانی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق، ھەرێم و بەغدا پێکەوە کار بکەن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی نوێی نەوت و غاز، ئەوەیش دەبێتە ھۆکار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و ھەموو ئەو دەستە و فەرمانگانەی ئێستا لە بواری نەوتدا کار دەکەن، ھەڵدەوەشێندرێن.''
قائید میرۆ




