دکتۆر فازڵ نەبی: کاتی ئەوە هاتووە کە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکرێتەوە

هەولێر -KDP.info- بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق گوتی، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ ئەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەرز بکرێتەوە و جارێ تەنها کاری بۆ دەکرێت، بەڵام پێویستە ئەو بڕیارە بدرێت و بە قۆناغیش بێت، لەبەر ئەوەی ئەو کارە لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاووڵاتییاندایە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵێک پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان کۆ کردووەتەوە و داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە فشار لە پارێزگاری بانکی ناوەندی بکرێت کە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار وردە وردە بەرز بکەنەوە تا دەگاتەوە ئاستی پێشتر، بەڵام جارێ تەنها پێشنیارە و هیچ بڕیارێک نییە، ئەمەش بەهۆی باسکردنییەوە کاریگەریی لە دەروونی خەڵک کردووە، بۆیە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزی.''
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ''بڕوا ناکەم بەئاسانی نرخی دینار بەرز بێتەوە بەرامبەر دۆلار، بەڵام ئەگەر حکوومەتێکی عاقڵمەندانە و خزمەتگوزارییانە پێک بێت، پێویستە ئەو کارە بکات، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە و پێویستە ئەوەش بە قۆناغ بێت، نەک بە یەکجار بڕیار بدرێت، بۆ ئەوەی کاریگەریی سلبیی نەبێت، بۆیە ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنها باسکردنە و نیازێک هەیە نرخی دینار بەرز بکەنەوە و کاری بۆ دەکرێت.''
نەبی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەوە خۆی دەسەڵاتی پەرلەمان نییە ئەو کارە بکات، بەڵام لە عێراق هەموو کارێک دەکرێت، ئەوە لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندییە و ئێستاش دۆخی ئابووریی عێراق باشە و دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بکەنەوە.''
بڵند ئیبراهیم




