عەبدوڵا ئاکرەیی: شاندێکی باڵای بازرگانی و دیپلۆماسیی ئێران لە هەرێمی کوردستانن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، شاندێکی باڵای بازرگانی و دیپلۆماسیی ئێران لە هەرێمی کوردستانن، مەبەست لە سەردانەکەشیان بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی ئێرانە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی و پشتگیریی خۆی بۆیان دووپات کردەوە.
عەبدوڵا ئاکرەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شاندێکی بازرگانی و دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بە سەرۆکایەتیی دکتۆر مەهدی سەفەری، جێگری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری دیپلۆماسی و بازرگانی و دکتۆر فکری، جێگری وەزیری بازرگانی و داراییی ئیران و ئاغای حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی ئێران و نوێنەری کرماشان، مەبەست لە سەردانەکەشیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەرێم و ئێران و ئاشنابوون بە شێوەی کارکردنی پەرلەمانی کوردستان و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی، کراوە و لە ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دکتۆر ئومێد سەباح و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوەی فراوانیان کردووە بۆ ئەوەی لەڕووی بازرگانییەوە شێوەی کارکردن لە سنوورەکان باشتر بکرێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر پەرەی پێ بدرێت.''
عەبدوڵا ئاکرەیی گوتیشی: ''ئەو شاندە ئامادەییی ئێرانیان دەربڕی بۆ ئەوەی ئەو سنوورانەی لە نێوان هەرێم و ئێران هەن ببنە فەرمی و داوایان لە حکوومەتی هەرێم کرد لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو خاڵە سنوورییانەی نافەرمین لە نێوان هەردوولادا بکرێنە فەرمی.''
ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی لە هەرێم کاریان کردووە و کارەکانیان تەواو کردووە، حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە لە ماوەی شەش مانگدا پارەکەیان پێ بدرێت و بۆ پڕۆژەی نوێ حکوومەتی هەرێم ئامادەییی نیشان داوە کە کۆمپانیا گەورەکانی ئێران بێن لە هەرێم کار بکەن و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت و پشتگیریی خۆیشیان بۆیان دووپات کردەوە.''
گوتیشی: شاندەکە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ماون و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆ ببنەوە و تا ڕۆژی یەکشەممەش لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.''
بڵند ئیبراهیم




