حەمە رێگر: داستانی پردێ چارەنووسازبوو.. پیلانێکی مەترسیدار بوو دژی ھەرێم

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت و بەشداربوویەکی داستانەکەش دەڵێ، پیلانی حەشد و سوپای عێراق و خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەوەبوو نیوەڕۆ نان لە ھەولێر بخۆن، بەڵام پێشمەرگە گورزێکی وەھا کوشندەی لێدان تەنیا لە یەک ھێڵ ١٧٠ تەرمیان بردەوە.
لیوا حەمە رێگر، فەرماندەی فەرماندەیی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "رووداوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کتۆپڕ بوو چاوەڕێی ئەو خیانەتەمان نەدەکرد، کە بەداخەوە بووە ھۆی لەدەستدانی کەرکووک و بەشێکی زۆری خاکی کوردستان، دوای کردنەوەی بەشێکی سەنگەرەکانی بەرگری بەرامبەر بە ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانیان بگەنە ناو کەرکووک بەشێکی زۆری سەنگەرەکان چۆڵکران، ئێمە ناچار بووین سەنگەری نوێ بەرامبەر بەو ھێزانە دانێین، ئێمە لە پردێ سەنگەرمان دانان و پێشمەرگە جێگیرکرا بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی".
فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و خیانەتکاران ئەوەندە سەر گربوون پیلانەکە وا دانرابوو ھەموو ھەرێمی کوردستان داگیربکەن و ھەتا پیلانی ئەوەشیان ههبوو بێنە ناو ھەولێر و لەسەر قەڵا ئەو خەڵکانەی ئەوان دەیانەوێت لەسێدارەی بدەن، بەڵام بەپێی بەرنامەیەکی تۆکمە سەنگەرەکانمان تۆکمە کردن و رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر کاتێک ھێرش دەستی پێکرد بەرەو ھەولێر لە پردێ پێشمەرگە قارەمانەکان وانەیەکی وایان پێدان بۆ ھەموو جیھان دیاربوو چیان بەسەرھات، ھاوکات داستانی پردێ لەلایەن سەرۆک بارزانی چاودێری دەکرا و دکتۆر کەمال کەرکووکیش سەرپەرشتی دەکرد".
لەبارەی زیانەکانی دوژمن لیوا حەمە رێگر گوتی: "لە یەکەم ساتی شەڕی بەناوبانگی پردێ پێشمەرگە توانی ئەبرامزەکە بشکێنی و زیانی زۆر گەورە بە ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی کەوتن تەنیا لەیەک ھێڵ زانیاریمان ھەبوو ئەوکات ١٥٠ تا ١٧٠ تەرمیان بردەوە، ھەتا دەستی وڵاتی ئیقلیمیشی تێدابوو بەشێک لەو تەرمانەش رەوانەی وڵاتەکەیان کرانەوە، ھەروەھا ئەوانەی دەیانوت پێش داستانی پردێ تەلەفۆنیان بۆ کەس و کاریان دەکرد و پێیان دەگوتن نیوەڕۆ لە قوشتەپە و ھەولێر نان دەخۆین کرانە پەندی زەمانە و رووی ئەوانەش رەشبێت کە چاوساغیان بۆ دوژمن دەکرد و خائین بوون لەگەڵ کورد".
لیوا حەمە رێگر ڕوونیشیکردەوە: "داستانی پردێ ئومێدی بە شوێنەکانی دیکەی بەخشی و دواتر لە بازاڕگەی مەخموور و سحێلاو مەحموودیە چەندین داستان تۆمارکران و ھەوێنی ھەموو ئەو شەڕ و داستانانە داستانی پردێ بوو، لەبەر ئەوەی داستانی پردێ بۆ ھەرێمی کوردستان چارەنووسازبوو، پیلانێکی زۆر مەترسیدار ئامادەکرابوو دژی ھەرێمی کوردستان، بەڵام پێشمەرگە لە پردێ توانی ھەموو پیلانەكان پێچەوانە بکاتەوە".
قائید میرۆ




