٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سوپای عێراق دەیەوێ بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بچێتە ناو شارۆچكەی شەنگالەوە

سەرچاوە: Hewler

ڕائیب جادر

هێزەكانی سەر بە سوپای عێراق دەیانەوێ لە ڕێگەی بازگەی تەلەعفەرەوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بچنە ناو شارۆچكەی شەنگال، بەڵام دانیشتووانی ئەو شارۆچكەیە بە دەیان خێمەیان لە دەوروبەری هێزەكە هەڵداوە و پێشیان لە دزەكردن بۆ ناو شەنگال گرتووە.

ئەو هێزەی سوپای عێراق كە ناوی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە و بادیەی لێ نراوە، لە ڕەبیعەوە هاتوون و سێ ڕۆژە دەیانەوێ بچنە ناو شارۆچكەی شەنگال بۆ ئەوەی بارەگای سەرەكیی لیوای 11 لەو ناو ئەو شارۆچكەیەدا بكەنەوە.

هێزەكە چەكی قورسی پێیە و ئێستاكە لە دەرەوەی شارۆچكەی شەنگالن.

دانیشتووانی شەنگال خێمەیان لە دەوروبەری هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە هەڵداوە و دەڵێن تا ئەو كاتەی هێزەكە ناوچەكە چۆڵ نەكات، ئەوانیش خێمەكانیان كۆ ناكەنەوە.

ئامر لیوای هەشتی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە هاشم سیتەیی كە ئێستا لیواكەی لە زووممارە، دەڵێ پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی دوێنێ ویستوویەتی سەردانی ناوچەكە بكات، بەڵام بە هۆی شەڕی ڕەبیعەوە سەردانەكەی دوا خستووە.

ماوەی دوو ڕۆژە لە ناوچەی ڕەبیعە شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و سوپای ڕزگاریی سووریا سەری هەڵداوە و بەو هۆیەیشەوە چەند سەربازێكی عێراقی گیانیان لە دەست داوە.

هێزی جەزیرە و بادیە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆكوەزیران نووری مالیكی بۆ ناوچە سنوورییەكانی هاوبەش لەگەڵ سووریا جوڵێندراون و وەك خۆیان دەڵێن، ئەركیان پاراستنی تەناهیی ناوچەكەیە.

ئیدارەی ناوچەكە گفتوگۆی ڕەت كردووەتەوە


قایمقامی شەنگال مەیسەر حەجی ئەم ئەركەی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە ڕەت دەكاتەوە.

ئەو دەڵێ "ناوچەكەی ئێمە ئارام و لە سنووری سووریاوە دوورە، ئەگەر ئەركیان پاراستنی تەناهیی ناوچەكەیە ئەوە با بچنە سەر سنوورەكان."

ئەو پێی وایە هاتنی ئەو هێزانە بۆ ناوچەكە مەرامی سیاسیی لە پشتەوەیە.

حەجی دەڵێ "ئەوان دەیانەوێ دۆخی ناوچەكە تێك بدەن و نەهێڵن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە شێوەیەكی باش لە ناوچە كوردییەكان بە ڕێوە بچێت."

بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان سەربەست بابیریش هاوڕایە لەگەڵ قایمقامی شەنگال.

هێزەكانی جەزیرە پێشنیازی گفتوگۆیان بە كورد داوە، بەڵام وەك سەربەست بابیری ئاشكرای كرد ئەوان ئەو پێشنیازەیان ڕەت كردووەتەوە.

ئەو دەڵێ "بە هێزەكەمان گوتووە ئەگەر خوازیاری گفتوگۆن، با قسە لەگەڵ سەركردایەتیی هەرێم بكەن."

ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هاتنی ئەو هێزانە، هێزی پێشمەرگەیش لە ناوچەكە جێگیر كرا.

شەنگال ناوچەیەكی كوردستانییە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەوە بۆ یەكەم جار نییە جوڵاندنی هێز لەلایەن حكوومەتی بەغداوە، هەڵوێستی كوردی لێ كەوتووەتەوە.

لە 16ـی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پێكدادانی نێوان هێزێكی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە دووزخورماتوو، بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە تەواوی ئاڵۆز بوو.

دوای ئەو ڕووداوە لیژنەی كاری هاوبەش پێنج كۆبوونەوەی ئەنجام دا.

لیژنەكە لە چەند ئەندامێكی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی بەغدا پێك دێت.

بەغدا پێچەوانەی ڕێككەوتنەكان كار دەكات
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندنی بارەگایەكی نوێ بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە و بادیە لە ناوچەی شەنگال ڕەت دەكاتەوە.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان فەریق جەبار یاوەر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێ "ئەو كارە پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێككەوتن و خاڵانەیە كە پێشتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەبووە."

لە ساڵی 2010ـدا و بە پێی ڕێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە پێی یەكێك لەو 15 خاڵەی پەسند كراوە كە وەكوو بنەمایەك بۆ كاری هاوبەش كاری پێ دەكرێت،

نابێ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە بێ ڕەزامەندیی لیژنەكانی وەزاریی باڵا و كاری باڵا و ئاگاداركردنەوەی پێشتر و پێویستیی ناوچەكە، هیچ هێزێكی زیاد لە هەر دوو لا لەو ناوچانە جێگیر بكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار