چاودێران و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ KDP: شانازی دەکەین بە رۆژی ریفراندۆم

ھەڵەبجە-KDP.info- بەڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی ٢٥\٩\٢٠١٧ گەلی کوردستان لە سەر سندوقی دەنگدان دەنگیان بە ریفراندۆمی سەربەخۆی دا، لەو بەروارەوە ھەموو ساڵێک تەواوی کوردستانیان یادی بەرز ڕادەگرن، چاویان لەوەیە رۆژێک دەرئەنجامی دەنگەکانیان سەربەخۆی کوردستانی لێ دروست ببێت.
چاودێرانی سیاسی و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، دەڵێن: "ریفراندۆم لە دۆخێکی تەواو دروستدا کرا، بە ھەموو جیھانمان وت، دەمانەوێت سەربەست بژین و ژێردەستەی ڕەت دەکەینەوە دەوڵەت دوا ترۆپی شۆڕشی گەلی کوردستانە".
زینۆ کاکەیی چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ریفراندۆم دەستکەوتێکی مێژووییە، زیاتر لە سەدەیەکە لەگەڵ عێراق ناگەینە ھیچ ئەنجامێک، لە دەوڵەتی پاشایەتی و کۆماری و دیموکراسی ھەر کێشەمان ھەبوو، بۆیە کێشەکان گەیشتبوونە بنبەست و بڕیاری ریفراندۆم بڕیارێکی دروست بوو سەرەڕای ئاستەنگەکان لەناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەڵام ریفراندۆم لە ھەموو سەرخاکی باشووری کوردستان ئەنجامدرا، %٩٣ زیاتر گەل دەنگی بە بەڵێ دا، بەڵگەیەکی مێژووییە و دەکرێ لە داھاتوودا کاری پێبکرێت".
ناسیح عەبدولرەحیم، رۆژنامەنووس بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو کاتەی ریفراندۆم کرا باشترین کات بوو بۆ ھەڵسەنگاندنی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی تاکی کورد، چونکە خەڵک لە خراپترین بارودۆخی ئابووری نەبوونی مووچەو، بێکاری و بێ بازاڕی، بێ پارەیی، ناکۆکی حیزبی و سیاسی لە ترۆپکدابوو، بەڵام ھەموو ئەمانە نەیانتوانی چۆک بە ئیرادەی کوردی ڕەسن دابدەن".
ھەروەھا دەڵێ: "راگەیاندنی دژە کورد و دژە سەربەخۆیی و دژە ریفراندۆم لە ترۆپکی ھێزو توانای خۆیدابوو ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئاسمانی لەسەر ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بۆ ھەموو دونیا سەلماندرا کە تاکی کوردی ڕەسەن ھیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری بکات لە خەونی دەوڵەت و سەربەخۆیی".
تاڤان بارزان کچە چالاکوان دەڵێ: "وەک تاکێکی کورد بۆ پارێزگاری لە شوناس و مانەوەی نەتەوەکەم، شانازی دەکەم بە رۆژی ریفراندۆم دەنگمان بە سەربەخۆی کوردستان داوە، مافێکی ڕەوای خۆمانە، پێمان واییە کارتێکی بەھێزە لە دەستی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بەدەستھێنانی مافی دەوڵەت ئێمەی کورد قەت خۆناچەمێنین و بەردەوام سورین لەسەر وەرگرتنی مافمان، گەلی کورد بەھێزە ڕەنگە لە وێزگەیەک ڕامانبگرن بەڵام قەت ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن و پشت لە داواکانمان بکەین".
لای خۆیەوە، عەلی مام ئەنوەر چالاکێکی کۆمەڵی مەدەنی دەڵێ: "بە ئیفتیخارێکی زۆرەوە یەکێک بووم لەو سەربەخۆیی خوازانەی بەشدار بووین لە ٩٣%ی بەڵێ بۆ ریفراندۆمی شانازی سەدە، زیادە گۆیی کردن نییە ئەگەر رۆژانێک توانای نووسینەوەی سەدان کتێبم ھەبێت بۆ ئەو شانازییە ھێشتان خۆم بە قەرزار باری ڕێبەری ریفراندۆم چیەکان بزانم کە دەرفەتی بەژداربوونی لەو شانازییە بۆ فەراھەم کردین".
ناوبراو گوتیشی: "ئەگەر پیاو و ژنی خەباتی ڕزگاری خوازی کوردستان لەسەردەمی شاخ شانازی شۆڕشیان ھەبێت ئەوە نەوەی ئێستا شانازی سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆییان ھەیە، بەڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی بە جیھانیان گوت، دەمانەوێ سەربەخۆبین ڕاستگۆبن لەگەڵ دروشمەکانی ناو کتێبەکانتان بەناوی مافی نەتەوەکان نوسیووتانەتەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتمان بدەنێ و دژمان مەبن، دەوڵەت دوا ترۆپی شۆڕشی کوردە".
عەزیز ڕەسووڵ




