ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە مەخمور کاریگەری لەسەر جموجۆڵی داعش هەبووە

مەخموور -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری مەخموور کاریگەریی لەسەر جموجۆڵی داعش هەبووە، بەڵام بنبڕ نەبووە، چونکە تاوەکوو کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێن داعش هەر دەمێنێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری مەخموور کراون، کاریگەرییان هەبووە لەسەر جموجۆڵی داعش، بەڵام هەر ماویشن، چونکە تا کێشەی سیاسی و ماددەی 140 چارەسەر نەبن و هێزی هاوبەش لەو ناوچانە بڵاو نەکرێنەوە، جووڵەی داعش هەر دەمێنێت، لەبەر ئەوەی داعش زادەی واقعێکی سیاسییە لەو ناوچانە تا دۆخی سوننەش بەو شێوەیە بێت داعش هەر دەمێنێت، بۆیە پێویستە کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، سەرەڕای ئەمەش ئۆپەراسیۆنەکان کاریگەریی خۆیان هەبووە''.
کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''چەند داعش هەبێت هێندەش شانەی نوستوویان هەیە، هەیە بە ڕۆژ خەریکی کار و کاسبییە و بە شەو داعشە و هەشە بە ڕۆژ لەگەڵ حەشدی شەعبییە و بە شەو داعشە، جموجۆڵیشیان زیاتر لە ناوچەی قەراج و شەرگات و دوبزە و لەو ناوچانە هەن و ناوەناوە کردەوەش ئەنجام دەدەن و خەڵک دەڕفێنن و جووڵەی چەکداریشیان هەیە.''
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: ''خەڵک بەو جۆرە ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە کەس نییە بیانپارێزێت و ئەو شوێنانەی پێشتر پێشمەرگەی لێ بوو بۆشاییە و هێزی عێراقیش تەنها لە جادە سەرەکییەکان هەن و جاری وا هەیە داعش کردەوەیەک ئەنجام دەدات پێنج خولەک لە هێزی عێراقی دوورە بە هانایانەوە ناچن، بۆیە خەڵک زەرەرمەندی یەکەمە.''
بڵند ئیبراهیم




