عه‌سكه‌ری: ده‌روازه‌ی كه‌ركوك به‌ڕووی هاوڵاتیاندا كراوه‌یه
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕه‌تیكرده‌وه، له‌هیچ ده‌روازه‌یه‌كی كه‌ركوكه‌وه ڕێگری له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی هاوڵاتیانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق كرابێت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت، چه‌ند ماڵپه‌رێكی عه‌ره‌بی بڵاویانكرده‌وه، كه‌ركوك ڕێگری له‌و كه‌سانه ده‌كات، له‌ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراقه‌وه ده‌چنه شاره‌كه.
(ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری) سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به ئاژانسی هه‌واڵی ناوخۆی ڕاگه‌یاندوه ، له‌هیچ ده‌روازه‌یه‌كی كه‌ركوكه‌وه، ڕێگری له‌هاوڵاتیانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێكیش وای وتبێت، دووره له‌ڕاستییه‌وه.
عه‌سكه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، زاڵگه‌كانی كه‌ركوك دوای دڵنیابوون له‌ناسنامه‌ی هه‌رهاوڵاتییه‌كی عێراقی، یاخود پاسپۆرت‌و به‌ڵگه‌ی ڕێگه‌پێدانی هاتنه ناوه‌وه‌ی عێراق بۆ هاوڵاتیانی بیانی، به‌ڕێزه‌وه ڕێگه‌ده‌ده‌ن بچنه كه‌ركوكه‌وه‌و تێیدا بمێننه‌وه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك وتیشی:"هه‌ندێكجار زاڵگه‌كانی كه‌ركوك لێپێچینه‌وه له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، كه ناسنامه‌یان پێنییه، یاخود پێیانه‌و گومان ده‌كرێت ساخته‌بن، ئه‌وه‌ش ڕێگری كردن نییه، به‌ڵكو گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویسته به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانی گومان‌لێكراو، چونكه كه‌ركوك مه‌ترسیی تیرۆری له‌سه‌ره .




