لە دهۆک هاوکاریی ماددیی مانگانە بەسەر خێزانە کەمداهاتەکاندا دابەش دەکرێت

دهۆک -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ڕێگەی بانکی نێودەوڵەتییەوە هاوکاریی ماددیی مانگانە لە پارێزگای دهۆک بەسەر 3 هەزار و200 خێزاندا دابەش دەکرێت کە بۆ ماوەی 18 مانگ بەردەوام دەبێت.
بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەکیە سەید ساڵح بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەیەکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و پارێزگای دهۆک هەڵبژێردراوە بە حوکمی ئەوەی هەژاری زیاترە لەچاو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و ئاوارە و پەنابەریشی لێیە، بۆیە بانکی نێودەوڵەتی ئەو کارە دەکات و هاوکارییەکەش حکوومەتی هۆلەندا دابینی دەکات، بۆیە 3 هەزار و200 خێزان هاوکاری دەکرێن، لەوانە 20% بۆ ئاوارە و پەنابەرانە و 80%یش بۆ خەڵکی دهۆکە و بۆ ماوەی 18 مانگ هاوکارییەکە بەردەوام دەبێت کە پێویستە ئەو مەرجانەی ئەوان داوای دەکەن لەو خێزانانە هەبن، کە دیاری کراون و فۆرمیشمان هەیە و ئەو فۆرمانە پڕ دەکرێنەوە و توێژەری کۆمەڵایەتی سەردانی ئەوان دەکات کە ئەو زانیارییانەی داویانە تا چەند ڕاستن کە بە هاوکاریی چاودێری کۆمەڵایەتیی پارێزگای دهۆک دەبێت.''
زەکیە سەید ساڵح گوتیشی: ''پڕۆژەکە بەپێی ئەو سەقفەی زەمنیەی بۆ دیاری کراوە ئەگەر ئەو هەنگاوە لە کاتی خۆی جێبەجێ بکرێت و بەربەست نەبێت لە مانگی نۆ تا دە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و پێدانی هاوکارییش بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان دەبێت، کە لە 85 دۆلارەوە تا 224 دۆلار دەست پێ دەکات و مانگانەیە.''
بڵند ئیبراهیم




