لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٧١٣ کۆمپانیا تۆمار کراون

فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧١٣ کۆمپانیا تۆمار کراون، ھۆکاری زیادبوونی ڕێژەی تۆماری کۆمپانیاکان بۆ کارئاسانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا دەگەڕێتەوە.''
ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "پڕۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان خێرا کراوە و پێشتر ھەندێک ڕۆتینیات ھەبوو، نەماوە و ئێستا کۆمپانیاکان دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین خۆیان تۆمار بکەن.''
فەتحی محەمەد ڕوونی کردەوە: "سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وای کردووە بەردەوام شاندی بازرگانی و کۆمپانیا بیانییەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و ئاسانکاریی تەواویش بۆ ھەموو کۆمپانییەکی ناوخۆیی و بیانی دەکرێت، چونکە کۆمپانیای بیانییش کە دێنە ھەرێمی کوردستان کارمەندەکانی خەڵکی کوردستانن و دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنن.''
قائید میرۆ




