حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی دابین کردووە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆیان دابین کردووە، بۆ ئەوەی لە ھەر شوێنێک گرفتی کەمی ئاو ھەبێت، چارەسەری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێگا دەگرنەبەر، بۆیە ڕێگە نادەن ھاووڵاتییان تووشی کەمئاوی بن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەردەوام کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی ئاو لە سنووری ھەولێر و لە ھەر شوێنێک بیرێک وشک بێت، بۆیان لێ دەدرێتەوە. لە ھەولێر ھەزار و٢٠٠ بیر ھەیە، بۆیە لە ھەر حاڵەتێکدا کێشەی کەمی ئاو دروست بێت، بۆیان چارەسەر دەکرێت و ئێستا ١٣٨ بیر لێ دەدرێت کە زیاتر لە٣٠ بیریان تەواو بوون، لە ھەر شوێنێک بیرەکان پێویستیان بە ھەر چارەسەر ھەبێت، بۆیان چارەسەر دەکرێت و ئەگەر تۆڕی ئاو کێشەی ھەبێت، چارەسەر دەکرێت و ئەگەر کارەبای خراپ بێت کە ١٤٠ بیر کارەبای ماڵانی ھەیە و بەشێکیشیان کارەبای بەردەوامیان بۆ ڕاکێشراوە و١٠٠ بیر کارەبای مۆلیدەی خۆیان ھەیە و زیاتر لە١٤٠ بیریش کارەبای مۆلیدەی گەڕەکیشیان بۆ ڕاکێشراوە.''
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر لە ھەر شوێنێک کێشەی ئاویان ھەبێت، تا بۆیان چارەسەر دەکرێت، ڕۆژ نا ڕۆژێک بە تەنکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بۆ ئەوەی بێ ئاو نەبن، بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا کێشەی کەمی ئاویان بۆ چارەسەر دەکرێت.''
ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''لە ئاوی ئیفرازی یەک و دوو ھەندێک کێشەیان ھەبووە، ئەویشیان بۆ چارەسەر کراوە و ئێستا ئەوان کێشەیان نەماوە و ئاوەکەیان بۆ دەڕوات.''
ئاری ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''ھەر ناوچەیەک کێشەی کەمی ئاویان ھەیە، دەتوانن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆیانەوە بکەن و بۆیان چارەسەر دەکرێت، چونکە حکوومەت بودجەی دابین کردووە کە ٧ ملیار و٦٠٠ ملیۆن دینارە، بۆیە بەردەوام لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان تووشی کێشەی ئاو نەبن.''
بڵند ئیبراھیم




