وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP: ھەڵمەتی بنبڕکردنی چەکی بێمۆڵەتمان هەیە

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆرینەی ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن، بە چەکی بێمۆڵەتن، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری ناوخۆ خۆیشی لێدوانی داوە و باسی کردووە، هەروەها حکوومەتیش زۆر جددییە بۆ نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت.
دکتۆر سامی جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەت پلان بۆ نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەت دادەنێت و پۆلیسیش لە ڕووی تەکنیکییەوە جێبەجێی دەکات، کە وەزیری ناخۆ خۆیشی لێدوانی داوە و باس لەوە دەکات کە ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن، زیاتر بە چەکێ بێمۆڵەتن و ئەوانەی بە چەکی مۆڵەتپێدراون تاکن، بۆ چەکی بێمۆڵەتیش وەزارەت بەردەوام بەدواداچوون دەکات و ھەڵمەتی بۆ بنبڕکردنی هەیە".
دکتۆر سامی گوتیشی، یاسای چەک دەرچووە، کە پێشکەشی پەرلەمان کرا و پەسەند کرا، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە کە حکوومەت زۆر جددییە لە بابەتی داماڵینی چەک.
بڵند ئیبراھیم




