ئهمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەم بابەتانە دەخاته بەر باس و گفتوگۆ

ھەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە هێرشی گرووپە چەکدارەکانە بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی گوشاری بەردەوامی حکوومەتی فیدراڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەپێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
- خستنەڕووی بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا و گرنگیی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و رێکارەکانی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز.
- خستنەڕووی بابەتی گوشاری بەردەوامی حکوومەتی فیدراڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە پێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.
- خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022.
ڕامان وریا




