گولیزار سندی: پەرلەمان ڕاپۆرتێک لەسەر ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکات

هەولێر –KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، چوار لیژنەی پەرلەمان ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیش بەڕێوە دەچێت.
گولیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوێنێ لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بڕیار درا چوار لیژنەی پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرتێک لەبارەی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان ئامادە بکەن و بڕیارە ھەریەک لە لیژنەکانی سامانە سروشتییەکان و پێشمەرگە و پەیوەندییەکان و ناوچە کوردستانییەکان ڕاپۆرتەکە ئامادە بکەن، لیژنەکان ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە دەکەن.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: ''بێگومان دوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە و خستنەڕووی ئەو ھێرشانەی لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوە دەچێت.''
گولیزار سندی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی یادداشتەوە داوام لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە نوێنەرانی وڵاتانی جیھان و نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی ئەو ھێرشانەوە کە ھەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، ئاگادار بکرێنەوە، چونکە پێویستە وڵاتانی جیھان و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵیان ھەبێت و ھەڵوێستیان لەسەر ھێرشەکانی سەر ھەرێم دیار بێت.''
قائید میرۆ




