٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی دھۆک: ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە دھۆک دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- قایمقامی دھۆک ئاشکرای کرد، زیاتر لە 60 پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن و لەوانەش چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ھەن وەک دروستکردنی پارکێکی گەورە و ڕێگای ستراتیژیی دھۆک-زاوێتە.

جەھوەر عەلی، قایمقامی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلان ئامادە کراوە بۆ جێبەجێکردنی زیاتر لە 60 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سەنتەری شاری دھۆک و دەوروبەری، ھەموو ئەو پرۆژانە دوای پێداچوونەوە بەرز کراونەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی حکوومەتین بۆ جێبەجێکردنیان و بڕیارە 20 ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان بکرێت.''

قایمقامی دھۆک گوتیشی: "زۆربەی ئەو پرۆژانەی لەمەودوا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە لە بواری ڕێگاوبانن، چونکە دھۆک پێویستی بە دروستکردنی ڕێگا ھەیە لەناو سەنتەری شار و ئەو گوند و کۆمەڵگایانەی دەکەونە سنووری شارەوانیی دھۆکەوە.''

جەھوەر عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە شاری دھۆک جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش دروستکردنی پارکێکی گەورە لە ناوچەی ئالۆکای دھۆک و دروستکردنی ڕێگای دھۆک-زاوێتە و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن، ھەتا چەند گەڕەکێکی نوێ دروست دەکرێن بۆ فراوانکردنی شاری دھۆک''.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار