سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هاوپه‌یمانان له عیراق و سووریا كۆبووه‌وه

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2022/6/28 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له عیراق و سووریا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازیى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و به‌ڕێزان وه‌زیرى پێشمه‌رگه و سوپاسالارى پێشمه‌رگه و ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده و پله‌دارانى پێشمه‌رگه ئاماده بوون، پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و دوایین هه‌نگاوه‌كانى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنیارێكى ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌مباره‌یه‌وه، تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان دووپات كرده‌وه بۆ ئه‌و پشتگیرى و هاوكارییه‌ى له كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له پشتگیریى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاكسازیى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز جه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا له پشتگیرى و یارمه‌تیدانى پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له ژێر چه‌ترى وهزارەتى پێشمه‌رگه و یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا كۆبكرێته‌وه و بكرێته هێزێكى نیشتمانیى پیشه‌گه‌ر كه به هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات.
دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و پێویستیى هاریكاریى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عیراق و به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




