بەرپرسێکی پێشمەرگە: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن چەند گرووپێکی حەشدی شەعبییەوەیە

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسێکی پێشمەرگە لە مووسڵ ئاشکرای کرد، ھەموو ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان، لەلایەن چەند گرووپێکی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دەدرێن و دەشڵێت، کاریان تێکدان و ترساندنی خەڵکە.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەکی بەرچاو گرووپ و تاقمی حەشدی شەعبی لە عێراق پەیدا بوون، بەڵام بەشێک لەو گرووپانە زیاتر بەرپرسیاریەتی ھەڵدەگرن و بەپێچەوانەوە ھەندێک گرووپی حەشدی شەعبی ھەیە، وەک میلیشیا و دەرچوو لە یاسا کار دەکەن، ئەمە وای کردووە ئەو گرووپانەی توندڕەون، لە دەوروبەری مووسڵ کێشە بنێنەوە، زیاتری ئەو گرووپانەش بنکە و بارەگایان لە ناوچەی گوب جەلیلی مووسڵ ھەیە.''
بەرپرسەکەی پێشمەرگە گوتیشی: ''میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان ھەموو کارێکی نایاسایی دەکەن، خەڵک دەترسێنن، تاوان ئەنجام دەدەن و بۆ دروستکردنی فشار بە مووشەک ھێرش دەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان و بوونەتە سەرچاوەی کێشە بۆ ناوچەکە.''
بابیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "شوێنی ئاراستەکردنی مووشەکەکان دیارە، ئەگەر ئەو کەسانەی ھێرش دەکەنە سەر ھەرێمی کوردستان لە بارەگای حەشدەوە نزیک نەبن، ناتوانن ئەو کارە بکەن، ئێمەش لەگەڵ سوپای عێراق لە مووسڵ پەیوەندیمان ھەیە و ھەماھەنگی لە نێوانماندا هەیە، بەڵام بەداخەوە سوپای عێراق دەسەڵاتی بەسەر گرووپەکانی حەشدی شەعبیدا نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لادەرن لە یاسا، گوێ لە کەس ناگرن و بە ئارەزووی خۆیان جووڵە دەکەن.''
قائید میرۆ




