٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان دەگۆردرێت و کێشەی دابەشکردنی مووچەیان چارەسەر دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، میکانیزمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی دادەنرێت و دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت و لە ھەر بانکێک مووچە دابەش بکرێت، خانەنشینان دەتوانن مووچەکەیان وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش کاری لەسەر دەکرێت و ھەنگاوی کردارییش نراوە.

ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ئەڕشەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لیژنەی دارایی بەدواداچوونی کردووە و بەنیازن شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بگۆڕن و بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن تەکنەلۆژیا و زانیارییەوە دانراوە، مووچە هەنگاو بە هەنگاو بکرێتە کارت و ئەو فەوزایەی ھەبوو لە دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا نەمێنێت و نۆرە نەمینێت و ئەوەش کاری لەسەر دەکرێت و سیستەمەکە دەکرێتە بانکی و لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دابەش دەکرێت و ئێستا دەست بە کار کراوە و سەرەتا وەکوو تێست مووچەی خۆیان پێ وەرگرتووە.''

دکتۆر ئەڕشەد تەھا گوتیشی: ''ئەگەر بکرێتە کارت نۆرەگرتن نامێنێت و دەتوانن لە ھەر بانکێک کە مووچەی لێ دابەش بکرێت، لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکی ناو مۆبایلەوە مووچە وەربگرن، بەتایبەت ئەوانەی کێشەیان لەگەڵ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا نییە، دەتوانن لەھەر بانکێکی ئەھلییش ئەو ژمارانەی دێنە سەر حیسابەکەیان لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە بیگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەی دەیانەوێت و جگە لە بانکەکان لە مارکێتەکانیش دەتوانن کەلوپەل بکڕن، بۆیە ئەوە ھەنگاوێکی باشە بۆ نەمانی ئەو قەڵەباڵغییەی لە وەرگرتنی مووچەدا دروست دەبوو.''

تەھا باسی لەوەش کرد: ''کاری جددی لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەو کێشەیەی ھەیە چارەسەر دەکرێت.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار