٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەیلا عەبدولجەبار: سبەی لیژنەی دەستپاکی بۆ لێکۆڵینەوە لە داھات سەردانی سلێمانی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بڕیارە سبەی، چوارشەممە ٨/٦/٢٠٢٢، لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کۆکردنەوەی داھات سەردانی سلێمانی بکات و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، ڕاپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتیی کۆکردنەوەی داھات ئامادە دەکرێت.

لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە پرسی کۆکردنەوەی داھات دەکات و لیژنەی دەستپاکییش لە پەرلەمان دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون سەبارەت بە پرسی کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ لەلایەن فەرمانگە پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.''

ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی گوتیشی: "حەفتەی ڕابردوو لیژنەی دەستپاکی لە ھەولێر دەستی بە ڵێکۆڵینەوە کردووە و سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بانکە بازرگانییەکانمان کردووە، بڕیارە سبەی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی پارێزگای سلێمانی بکەین.''

لەیلا عەبدولجەبار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەمانەوێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بزانین چۆن داھاتی ناوخۆ کۆ دەکرێتەوە و بۆ پاڵپشتیی مووچەی فەرمانبەران بەکار دێت، دوای کۆتاییی سەردانەکانمان ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت و ھەموو ئەو زانیارییانەی دەستمان دەکەوێت وەک لیژنە لە ڕاپۆرتەکەدا دەیخەینە ڕوو.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار