٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی ژینگەی ھەرێم: ھەنگاوی زۆر باشمان لە بواری ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی بەردەوام لە کابینەی نۆ لە بواری ژینگە نراوە پێشکەوتنی بەرچاومان بەخۆیەوە بینیووە و بەردەوامیش پڕۆژەمان لە بواری ژینگە ھەیە و ئێستا ئێمە لەڕووی ژینگەوە زۆر لە عێراقیش پێشکەوتووترین.

بەڕێوەبەری گشتی ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئازاد نوری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان و لە کابینەی نۆ گرنگیەکی زۆر بە ژینگە دراوە و پێشکەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیووە و خۆی لە گەڵ ھەموو دۆخەکان دەگونجێنێت و لە ھەموو پڕۆژەکان پێویستە سەوزای ھەبێت، ئێستاش سەرقاڵی ئەوەین کە بزانین لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ڕێژەی سەوزایی چەندە، چونکە دوو جۆرە سەوزایی ھەیە ئەوەی کشتوکاڵ و شارەوانیەکان، بۆیە ئێستا پارێزگاکان خەریکی دیاریکردنی ڕێژەی سەوزایین کە لە ھەولێر و سلێمانی تەواو بووە و ئەوەی ھەولێر لە بواری شارەوانی ١٨،٥% ئەوانەی دیکە ھێشتا بە فەرمیی بەدەستمان نەگەیشتووە، بۆیە کە تەواو بووە ئەوانیش بۆمان رەوانە بکەن، چونکە بڕیار دراوە کە ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێم دیاری بکرێت".

ئازاد نوری گوتیشی: "جگە لەوەش پڕۆژەیەکمان ھەیە لەبڕی سەوزکردن ڕووبەرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان سەوزکراوە، بۆیە ھەنگاوی زۆر باش لە بواری ژینگە نراوە و بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت".

نوری باسی لەوەشکرد: "ئەو کارانەی ئێمە سوودی زۆری ھەبووە بۆ پاککردنەوەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان و جگە لەوەش ئێستا پەیوەندیشمان لە گەڵ وەزارەتەکانیش باشە و لە گەڵیان لەسەر خەتین وەکو کارەبا و دەستەی وەبەرھێنان و شوێنەکانی دیکەش، تەنانەت لەگەڵ ژینگەی عێراقیش پەیوەندیمان باشە و ئێمە پابەندین بە راپۆرتەکانی ژینگەی رێکخراوەکانی جیھان، بۆیە بەردەوام کاری لەسەر دەکەین، بۆیە ئێمە لەڕووی ژینگە لەعێراقیش پێشکەوتووترین".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار