٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

میسال ئالووسی بۆ KDP: نێچیرڤان بارزانی بە کردار کار بۆ ئاشتی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی "ئاشتی لە رێگەی میانڕەوی" رایگەیاند، ھۆکاری چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی عێراق، نەبوونی میانڕەوییە، دەشڵێت، ئەگەر لایەنەکان میانڕەوییان پێشان بدایە تووشی ئەم چەقبەستووییە نەدەبوون. 

لەو بارەیەشەوە، میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی گوتی: "ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، بۆ واقیعی عێراق دەستنیشانکردنی وردی واقیعی دەوڵەتی عێراقە پێش ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ٢٠٠٣، قۆرخکاریی دەسەڵات و لاوازی حوکمڕانی و فەرھەنگی حاکم وایکرد حکوومەتەکانی عێراق لە سەردەمی کۆماریدا و تا ئێستا لەسەر دروشمەکان ئاوەدان بووەتەوە یانیش پەنایان بردووە بۆ دڕندەیی و نادادپەروەری و چەک لەژێر پەردەی شۆڤێنی  ئەمەش وایکرد ھزری میانڕەویی نەمێنێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کۆنفرانسەکە گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "ئەگەر عێراق وەک نموونەیەکی بچووکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین، دەبینین ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق چەند بۆ خودی خۆی گرنگ و پێویستە، ھێندە و بگرە زیاتریش بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە گرنگ و پێویستە، بە درێژایی مێژووی وڵات نەبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق، نا ئارامی و نا سەقامگیری لە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی دروستکردووە".

ئەم سەرکردە سیاسیەی عێراقیە، شیکاری بۆ گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و گوتی: "لە ئەنجامدا حکوومەتەکانی بەغدا بە ئەنقەست میکانیزمەکانی جەنگ و زمانی نادادپەروەرییان بەرامبەر گەلی کورد و کوردستان بەرزکردەوە، بە ئەنقەست مەیلی ناسیۆنالیستی عەرەبییان کۆکردەوە بۆ بەدەستھێنانی شەرعیەت بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵات و نەھێشتنی بەرامبەر بەتایبەت ئەوانەی بۆ ئازادی و ئاشتی کارییان دەکرد.

ناوبراو ئاماژەیدا: "ھەر ئەو حکوومەتانە بە ئەنقەست و به‌گرتنەبەری نادادپەروەری وایانکرد ئازادیخوازانی کورد سیاسەتی زوڵم قبوڵ نەکەن و ھەر لە سەرکردایەتیی ڕێبەری کۆچکردوو مەلا مستەفا بارزانیی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا ژیرانە خۆی بەدوور گرت لە ھزری نا میانڕۆیی، و ئەو سەرکردەییە داوای ماف و ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ کوردستانیان کرد ، دوور لە کاری تیرۆر و نا میانڕەویی و دروشمەکەی شۆڕشی ئاشتی بوو لە پێناو ژیان".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا: "وتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جێگایی بایەخ و نرخاندن چونکە ئەو ھەمیشە بۆ میانڕۆی  کاری کردووە، بۆ کورد و کوردستان و عێراق و ھیوای ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی بۆ خەڵک دەخوازێت".

لە کۆتاییدا ئالووسی گوتی: "بەم بیرکردنەوە و تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێم لەسەر شاخ  و دۆڵەکانی کوردستان  گەشە دەکەن هیوان بۆ هەموویان، چونکە ئەو پابەندە بە بەھاکانی ئاشتی بەکرداریش کاری بۆ دەکات".

 

کاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار