٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ھەرێم و بەغدا ھەموو میحوەرەکانیان سەرپشک کردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، بڕیارێکی نوێ دراوە بۆ کاری ھاوبەش لە ناوچە کوردستانیەکان لەنێوان پێشمەرگە و سووپای عێراق، ھەرکارێک ھەبێت راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان ئەنجامبدرێت لە ھەر ناوچەیەکی کوردستانی.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوو لیوای ھاوبەش کە بڕیاری لێدراوە پێکبێت لە نێوان پێشمەرگە و سووپای عێراق کە دوو ھەزار کەسە لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێ وەستاوە، چونکە ئەوانە پێویستیان بە بوودجە ھەیە، بۆیە تا ئێستا دەست بەکارنەبوون، بەڵام لە ناوچە کوردستانیەکان لە زۆرینەی ناوچەکان ھێزی لێیە، پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەندێک شوێن بۆشایی ھەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەناوچە کوردستانیەکان ئارامیەکی پێوە دیارە".

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی: "ھەرێم و بەغدا ھەموو میحوەرەکانیان سەرپشک کردووە ھەر رووداوێک ھەبێت ھەماھەنگی لەنێوان سووپا و پێشمەرگە ھەبێت کە پێشتر پێویستی بە رەزامەندی ھەبوو بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێک، بۆیە ئێستا لە ھەموو ناوچە کوردستانیەکان ھێزی پێشمەرگە و سووپای عێراق کاری ھاوبەش بێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان ئەنجامبدەن".

ناوبراو وتیشی: "ئەو ناوچانەی کوردی لێ یە چالاکی داعش زۆر کەمە و تەنھا لەو ناوچانە نەبێت کە سووپا و ھێزی عێراقی لێ یە".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار