دەستەی وەبەرھێنان: ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە ٢٧٤ ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژە دراوە
__2022_05_26_h15m27s49__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە مۆڵەت بە ٢٨ پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە، کە بەسەرمایەی زیاتر لە ٢٧٤ ملیۆن دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەربەست خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ڕێککەوتی ١ی ١ی ٢٠٢٢ تا ڕێککەوتی ١٨ی ٥ی ٢٠٢٢، دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی بە ٢٨ پڕۆژەی جۆراوجۆر داوە، بە جۆرێک کە لە ھەولێر ١٢ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٣٣ ملیۆن و ٣٩٩ ھەزار و ٤٨٤ دۆلار و لەسەر ڕووبەری ١٣٠.٣ دۆنم زەوی، لە گەرمیان یەک پڕۆژە بە گوژمەی یەک ملیۆن و ٩٧٤ ھەزار و ٥٢٤ دۆلار لەسەر ڕووبەری ٠.٥ دۆنم زەوی، لە ڕاپەڕین یەک پڕۆژە بە گوژمەی دوو ملیۆن و ٤٥ ھەزار و ٥١٦ دۆلار لەسەر ڕووبەری چوار دۆنم زەوی، ھەروەھا لە سلێمانی ١٢ پڕۆژە بە گوژمەی ١١٧ ملیۆن و ٧٤٦ ھەزار و ٩٥٧ دۆلار، ھاوکات لە پارێزگای دھۆکیش دوو پڕۆژە بە گوژمەی ١٩ ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری ٢٦.٦ دۆنم زەوی، کە کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە ٢٧٤ ملیۆن و ١٦٦ ھەزار و ٤٨١ دۆلار و ٤٧١ دۆنم زەوی کە بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە.''
سەربەست خدر گوتیشی: "جۆری پڕۆژەکانیش ١١ پڕۆژەی بازرگانی و یەک پڕۆژەی بانک و یەک پڕۆژەی تەندروستی و هەشت پڕۆژەی پیشەسازی و چوار پڕۆژەی فێرکردن و یەک پڕۆژەی کشتوکاڵ و یەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون و یەک پڕۆژەی وەرزشی بووە.''
بڵند ئیبراھیم




