"دەستپێشخەریی پارتی و سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ لای لایەنەکان بووەتە جێگەی ئومێد و دڵخۆشیی خەڵک"

ڕانیە -KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە گوتی، دەستپێشخەریی پارتی و سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ لای لایەنەکان بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتییە بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، بۆیە ئەو ھەنگاوە بووەتە جێگەی دڵخۆشی و ئومێدی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و لایەنەکانیش وەڵامێکی باشیان بۆ ئەو دەستپێشخەرییە ھەیە.
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە، ھیوا گەیلانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستپێشخەری و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ لای لایەنەکان زۆر گرنگە، چونکە لای ھەموو خەڵک ڕوون و ئاشکرایە کە پەیام و ستراتیژیەتی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی ئەوەیە کە کورد یەکڕیز بێت و ھەوڵیشمان بۆ داوە و لە دواین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتیدا لە ٨ی مانگ تەئکید لەسەر ئەو ستراتیژیەت و خیتابە کراوەتەوە، بۆیە پێم وایە ئەو ھەوڵانەی پارتی بۆ یەکڕیزی و کۆکردنەوەی لایەنەکان گرنگیی زۆری ھەیە بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم و دۆزی ئێمە بەگشتی.''
ھیوا گەیلانی گوتیشی: ''جێگەی خۆشحاڵییە نێچیرڤان بارزانی ھەم وەکوو سەرۆکی ھەرێم و ھەم وەکوو جێگری سەرۆکی پارتی بیرۆکە و سیاسەتی ستراتیژیی پارتی لە بواری کردەیی پەیڕەو بکات و ئەمڕۆ یەکەم ھەنگاوی کرداریی ناوە و لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتییان لەبارەی یەکڕیزی و تەبایی و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد پێ بگەیەنێت، چونکە مێژویەکمان ھەیە، کە ناتەبا بین زیانمان کردووە و کە تەبا بووین دەستکەوتی زۆرمان بۆ نەتەوەکەی خۆمان ھەبووە.''
گەیلانی باسی لەوەش کرد: ''ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی ھەیە، بۆیە گەر دیقەتمان دابێت لە ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا ھێمنیی دروست کردووە و ئەو سیاسەتەی پارتی گرتوویەتییە بەر ھەموو لایەنەکان دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر خەڵکی دیکە ھەبووە لە نەرمبوونەوەی خیتابی ڕاگەیاندن و لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و لەناو خەڵکیش ئەو ھەنگاوانەی پارتی بوونەتە جێگەی دڵخۆشی و ئومێد، بۆیە کاردانەوە و پاڵپشتیی باش ھەبووە و لەلایەن لایەنەکانیشەوە وەڵامێکی باش بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی پارتی ھەبووە.''
بڵند ئیبراھیم




