د. مەحموود عوسمان: ئەم هەفتەیە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكان كۆ دەبێتەوە

دیمانە:هێمن بابان ڕەحیم
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی د. مەحموود عوسمان دەڵێت "ئەم هەفتەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی و هاوپەیمانیی كوردستانی لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی عێراق بە جیا بۆ ئامادەسازیی بۆ كۆنگرەی نیشتمانی كۆ دەبنەوە." مەحموود عوسمان دەڵێ "دەبێت كورد داكۆكی لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكانی پێشووتر بكاتەوە." ئەو بوونی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەو كۆنگرەیەدا بە پێویست دەزانێت و پێی وایە چەسپاندنی فیدراڵییەت زۆرێك لە كێشەكانی عێراق چارە دەكات.
* بڕیارە بەم زووانە بە دەستپێشخەریی سەرۆكی هەرێم مەسعوود بارزانی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بۆ سەركردە و لایەنە ناكۆكەكانی عێراق بە مەبەستی دەربازبوون لەو ئاڵۆزیانەی لە عێراقدا هەن ئەنجام بدرێت، ئەم كۆنگرەیە چی گرنگییەكی دەبێت بە تایبەت كە لە هەولێر دەكرێت؟
- پێش كۆنگرەكە وا بڕیارە ئەم هەفتەیە سەرۆكی هەرێم و شاندێكی كوردستانی لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكان وەكوو هاوپەیمانیی نیشتمانی، دەوڵەتی یاسا، عێراقییە، ڕەوتی سەدری و لایەنەكانی دیكە كۆبوونەوە و ئامادەسازیی بكرێت و گفتوگۆ و قسە لە بارەی سەرجەم كێشەكان بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو دەستپێشخەرییە بكرێت یان نا، بۆیە چۆنیەتیی ئەو كۆنگرەبەستنە ئەگەر كۆنگرە بێت یان هەر شتێكی دیكە بێت پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی دیكە دەبێت، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێم بۆ هەوڵەكانی سەرۆككۆماری عێراق مام جەلال بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكانی دیكە بەردەوامییە، بۆیە گرنگە كورد بەم كارە هەڵبسێت، بەڵام ئەوەی نابێت لە بیرمان بچێت دوو خاڵە، یەكەم ئەوەیە كە كورد خەریكی ئەم كۆكردنەوەیە، نابێت كێشەكانی خۆی وەكوو پێشمەرگە، نەوت و غاز، سەرژمێری، ماددەی 140 لە بیر بكرێن،
چونكە ئەم كێشانە زۆریان كێشاوە و لە ڕێككەوتننامەی هەولێردا باس كراون. خاڵی دووەمیش دەبێت ئەوانەی كۆ دەبنەوە بە تایبەت كورد داكۆكی لەوە بكەن ڕێككەوتننامەكانی پێشووتر لەوانە ڕێككەوتننامەی هەولێر، ڕێككەوتننامەی نێوان سەرۆكی هەرێم و مالیكی و ئەوانی دیكەیش جێبەجێ بكرێن، بۆیە گرنگە بزانین تا چەند ئەوانە جێبەجێ دەكرێن، ئینجا پاش ئەوانە سەرۆكی هەرێم دەبێت لەوە بكۆڵێتەوە كۆنگرەكە تاچەند سەردەگرێت و چۆن دەبێت و ئایا لایەنەكانی دیكە بە فیعلی بە پیلییەوە دێن.
* كورد داكۆكی لە بوونی لایەنی سێیەم وەكوو نەتەوەیەكگرتووەكان یان ئەمەریكییەكان یان ئەورووپییەكان لەو كۆنگرەیەدا دەكات، ئەمە پێویستە؟
- من لە زۆر كۆبوونەوە و شوێنی دیكە باسم كردووە و بە سەرۆكی هەرێمیشم گوت ئەوانەی كە داوات لێ دەكەن دەستپێشخەری بكەیت و گوشارت دەخەنە سەر، تۆیش پێیان بڵێ وەرن گەرەنتیی ئەو مەسەلەیە بكەن. بۆ نموونە بە ئەورووپییەكان بڵێ با بێین و گەرەنتیی ئەو كۆنگرەیە و سەركەوتن و جێبەجێكردنی بكەن، سەرۆكی هەرێمیش باسی ئەمەی كردووە و دەیشیكات، بە تایبەت ئەمەریكییەكان و ئەوانی دیكەیش گەییشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە عێراقییەكان ناتوانن ئیدارەی وڵاتی خۆیان بكەن و دەبێت لایەنی سێیەم هەبێت، ئێستا باشترین لایەنی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە نەتەوەیەكگرتووەكانە، بە تایبەت ئێستا عێراق لە ژێر باری بڕگەی حەوتی نەتەوەیەكگرتووەكانە، نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەڵێت ئامادەم هاریكاریتان بكەم، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەكان داوای لێ بكەن، بۆ كورد زۆر باشە لایەنی سێیەم هەبێت، چونكە پاش دانیشتن و كۆبوونەوە، نووسینەوە و جێبەجێكردنیش دێت، ئەمانە ئەگەر لایەنی سێیەم هەبێت و دۆكیومێنتی لە لا هەبێت ئەو كات شتێكی دیكە دەبێت.
* پێشبینی دەكەیت ئەو كۆنگرەیە كێشەكانی عێراق چارە بكات؟
- نەخێر پێشبینی ناكەم، چونكە هەمان كەسەكانن و توندوتیژن بەرانبەر بە یەكتر و چەندین ڕووداوی دیكە هاتوون و ئامادە نین تەنازوول بۆ یەكتر بكەن، چونكە ئێستا زۆر كێشەی دیكە هەیە لەوانە خۆپێشاندانەكان، مەسەلەی تایفیی شیعە و سوننە، ئیلا ئەگەر گۆڕانكاریی لە لایەنەكان هەبێت.
* ئەی چارەی كێشەكان چۆن دەكرێت؟
- دەستوور هەیە و ڕێگەی بە فیدراڵییەت داوە، تا ڕاددەیەكی زۆر چەسپاندنی فیدراڵییەت یەكێكە لە باشترین ئەو مەسەلانەی كە كێشەكان بە زۆری چارە دەكات، بۆ نموونە ئێستا خۆپێشاندەران داوای فیدراڵییەتیش دەكەن، ئەگەر ئەو پارێزگایانە فیدراڵی بن و خۆی ئیدارەی خۆی بكات، ئەوا زۆر كێشە هەیە خۆی چارەی دەكات، هەروەها دەبێت لایەنە سیاسییەكان خۆیان لەناو یەكتردا كۆك بن و ئەو وڵاتانەیشی كە پێوەندییان بەو لایەنانەوە هەیە هاوكار بن، ئێستا بەشێك لە لایەنەكان پێوەندییان بە سعوودیە و قەتەر و توركیا و بەشێكیشیان بە ئێرانەوە هەیە، ئەگەر ئەم وڵاتە هەرێمیانە دەست نەخەنە ناو عێراقەوە و گوشارەكانیان كەم بكەنەوە، كێشەكان چارە دەبن.
* دەگوترێت خۆپێشاندانی پارێزگا سوننییەكان سەلماندی عێراق دابەش بووە، دابەشبوونی عێراق كێشەكان چارە دەكات؟
- دابەشبوونی عێراق چارەی كێشەكان ناكات، ڕاستە واقیعێك هەیە هەر یەك لە كورد و شیعە و سوننە لە شوێنی خۆیەتی، دابەشبوونی عێراق پێویستی بە وڵاتانی نێونەتەوەیی و وڵاتانی ناوچەكە و هەرێمی هەیە، ئەو وڵاتانەیش دان بەوەدا نانێین و دەیانەوێت عێراق یەكگرتوو بێت، بۆیە دابەشبوون لە واقیعەوە تۆزێك دوورە و ڕەنگە خزمەت بە دۆخەكە نەكات.
* خۆپێشاندانەكان درێژەیان هەیە و حكوومەتی عێراقیش هیچ گرنگییەكی پێ نادات، ئەمە بۆ كوێ دەڕوات؟
- حكوومەتی عێراق هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی بە خۆپێشاندانەكان نەدا، دەبوو حكوومەت بۆ خۆی و لە ڕێگەی دەستەیەكەوە داواكاریی ئەو خۆپێشاندەرانە جێبەجێ بكات و لە نزیكەوە گوێیان لێ بگرێت، دەبوو ئەو دەستەیە پەرلەمان و قەزا و حكوومەتیشی تێدا بێت، چونكە كێشەی ئیداری و یاسایی و سیاسییش هەیە، ئەم گوێنەگرتنەی حكوومەت وا دەكات ئەو خۆپێشاندانانە تا دێت پەرە بسێنێت و داواكاریی دیكە بێتە ناوەوە بە تایبەت خەڵكی دیكە دێتە ناو ئەو خۆپێشاندانانە و ئێستا سەیر بكە داوا دەكرێت دەستوور نەمێنێت و ئەوانەی لەگەڵ ئەمەریكییەكان هاتن هەموو بڕۆن و سیاسەتمەدارەكانی ئێستا لا بچن و هەروەها سەیر بكەیت ئاڵا سێ ئەستێرەكەی پێشووتر هەڵدەدرێت و ئەمەیش تا دێت خراپتر دەبێت و ڕەنگە بگاتە بەغدا. ئەگەر بگاتە بەغدا ئەو كات دۆخەكە خراپتر دەبێت، ئەگەری هەیە شەڕی تایفیی نێوان سوننە و شیعە ڕوو بدات.
* حكوومەتی عێراق دەڵێت بەعسییەكان و قاعیدە بەشێكی ئەو خۆپێشاندانانە هەڵدەسووڕێنن؟
- نەخێر لە ڕاستیدا ڕۆڵی مەلا و سەرۆك عەشیرەتەكان هەڵیدەسووڕێنن، ئەوەی ڕاستی بێت ئەگەر دۆخەكە وا بڕوات هەست دەكرێت ڕۆڵی قاعیدە و بەعسییەكانیش دەربكەوێت و زیاتریش بێت، ئەمەیش بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكوومەتەوەیە.
* نەبوونی سەرۆككۆمار جەلال تاڵەبانی لە عێراق كێشەكانی ئەم وڵاتەی گەورەتر نەكرد؟
- كاریگەریی خۆی هەیە بە تایبەت پێوەندیی لەگەڵ هەموو لایەنەكان و لایەنەكانی دەرەوەیش هەیە، بوونی ئەو كاریگەریی پۆزەتیڤی هەبوو و نەمانیشی خراپە و كاریگەریی نێگەتیڤی هەیە، هەروەها بۆ كوردیش و لەناو كوردستانیشدا باش بوو بە تایبەت خۆی و كاك مەسعوود زەمانەتێكن بۆ ئەوەی كێشە لە كوردستان ڕوو نەدات.
* پاش دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی عێراق كە لە لیستی عێراقییەیە پێشبینی دەكرێت وەزیرەكانی دیكەی ئەو لیستە دەست لە كار بكێشنەوە، ئایا كورد لە حكوومەتێك بە بێ عێراقییە دەمێنێتەوە، بە تایبەت هەمیشە گوتوویەتی لە هیچ حكوومەتێدا نابێت ئەگەر پێكهاتەیەكی سەرەكیی تێدا نەبێت؟
- هێشتا دیار نییە وەزیرەكانی لیستی عێراقییە دەست لە كار دەكێشنەوە یان نا، ئەوە پێویستی بە بڕیارێكە، ئەگەر لە كۆتاییدا بە گشتی بكشێنەوە لە پڕۆسەی سیاسی، ئەو كات حكوومەتی زۆرینە دروست دەكرێت و دوای ئەوە كورد بڕیار دەدات و كۆبوونەوەی خۆی دەكات، بۆیە ئەو كاتەی وەزیرەكانی عێراقییە بكشێنەوە و لە پڕۆسەی سیاسی پاشەكشە بكەن، ئەوا كوردیش هەڵوێستی دەبێت بە تایبەت كوردیش كێشەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران بێت، ئەمە دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت، لەگەڵ ئەمەیشدا ئۆپۆزسیۆنبوون لە بەرژەوەندیی كورد نییە، چونكە كورد كێشەی نەتەوەیی هەیە و لە بەرژەوەندیی كورددایە لەناو حكوومەت بێت و بەشدار بێت لە بڕیارەكان.
* سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕووسیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- سەرۆكی هەرێم چەند مانگێكە داوەت كراوە بۆ ڕووسیا، مەسەلەكە پێوەندیی بە نەوت و سووریاوە هەیە، بۆ ئێمەیش كێشەی كورد گرنگە، مەبەستیان ئەوەیە هەرێم وەزعێكی وای هەبێت كە زۆر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا نەبێت و هەروەها دەیانەوێت كۆمپانیا نەوتییەكانیشیان بێنە هەرێم و نەوت دەربهێنن، ئەم سەردانە گرنگ بوو، بە تایبەت ڕووسیا وڵاتێكی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشە و وڵاتێكی گەورەیە، بۆیە سەردانەكە بۆ كورد سوودبەخش و گرنگیشە.
* ئەو سەردانە جێی نیگەرانیی ئەمەریكییەكان نییە؟
- باوەڕ ناكەم، ئینجا ئەمەریكییەكان چییان بۆ ئێمە كرد؟ ئەوان نۆ ساڵ لە عێراق بوون و ئەوە كێشەكانی كوردە هەر وەكو خۆیەتی و هیچیان بۆ نەكردین، هیچ كێشەیەكی ئێمەیان چارە نەكردووە تا بۆڵەبۆڵمان بەسەردا بكەن. جێیان هێشتووین بۆ كێشە.




