پێشمەرگە و سوپای عێراق کێوماڵی ناوچەکانی داعش دەکەن

هەولێر -KDP.info- لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی ھێرشەکانی داعش بەرپرسێکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆ ھێرشکردنە سەر داعش بە ھاوبەشی پلان ھەیە و دەڵێت، ''پێکەوە بەرەنگاری داعش دەبینەوە''.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری ھەرێم لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەک ئاشکرایە ماوەیەکە داعش دەستی بە جووڵە کردووەتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک ھێرش و کردەوەی تیرۆریستی کراوە، بێدەنگبوون و سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق بووەتە دیاردە و ھێشتا مەترسیی داعش ھەیە لە عێراق، بەڵام لەوانەیە ھەندێک جار تاکتیکی خۆیان بگۆڕن، واتە بێدەنگبوونی داعش بۆ ماوەیەک، بە مانای کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق نایەت.''
بەرپرسە ئەمنیییەکەی عێراق دەشڵێت: ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەتی بڕیارە بۆشاییی ئەمنیی نێوان ھەردوو ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە لیوای ھاوبەش پڕ بکرێنەوە، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی حکوومەت پرۆسەی لیوا ھاوبەشەکانیش دوا کەوتووە.''
لەبارەی ھێرش بۆ سەر داعش لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە لیوا عەبدولخالق تەلعەت گوتیشی: ''لە ناوچە کوردستانییەکان ھێرش و ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش لەدژی داعش بەڕێوە دەچێت، چونکە پێشتریش ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بەڕێوە چووە و سەرکەوتووش بووە، ئەم جارەش ئەو ناوچانانەی داعشی تێدایە، پێکەوە کێوماڵیان دەکەن.''
قائید میرۆ




