لیژنەی یاسایی: کۆبوونەوەکان پەکخراون... سەرۆکی پەرلەمانیش بێ دەنگە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان پەکخراون و ھیچ باسێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە نیە و سەرۆکی پەرلەمانیش بێ دەنگە.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ئێستا ھیچ باسێک نیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بابەتی کۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردنەکان، لە ئێستادا کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان پەکخراون و ھیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادرێت، کە چەندین پرسی گرینگ ھەیە پێویستە گفتووگۆی لەسەر بکرێت".
خەدیجە عومەر گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ئەنجام نادرێت سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش بێ دەنگە، کە پێویستە دەست بەکۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکرێتەوە و ناکرێت پەرلەمان بەم شێوەیە پەکبخرێت".
بڵند ئیبراھیم




