خنسی: لێدوانی وەزیری نەوت بەڵگەیە كه گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم بێ کێشەن

ھەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق گەیشتۆتە ئەو ڕاستیەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم بێ کێشەن، ھەر بۆیە وەزیری نەوتی عێراقیش لێدوانی لەوبارەیەوە داوە و ئامادەییان نیشانداوە و گفتووگۆکانش بەردەوام دەبن تا بگەنە چارەسەریەکی بنەڕەتی.
دکتۆر بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتووگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبێت و ھەڵوێستی حکوومەتی عێراقیش زۆر باشە و وەزیری نەوتی عێراقیش لێدوانی داوە و باسی لەوەکردووە کە زۆرینەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان یاسایین و ئەوەی ماویشە بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بێ کێشەیە و ئەگەر کێشەی ھەبووایە ئەو ھەموو کۆمپانیا زەبەلاحانەی دونیا نەدەھاتن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت کار بکەن".
دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: "زۆرینەی شارەزایانی نەوت پێان وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە پەلەو و بێ وردبینی دراون، بۆیە حکوومەتی ھەرێم دەستپێشخەری کرد ئەو کێشەیە بە دانوستان چارەسەر بکرێت لەسەر بنەمای دەستوور، بۆیە ئەو دەستپێشخەریە و چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا زۆر باش بوو، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو بگەنە رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت و ئیدارەی نەوت بە شێوەیەکی باشتر بکرێت و لێدوانی وەزیری نەوتیش بەڵگەیە لەسەر گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم کە بێ کێشەن و باسی لەوەکردووە تەنھا ٢٠% لای ئەوان ڕوون نیە و ئەویش بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان ئامادەیە".
خنسی باسی لەوەشکرد: "دیار دەبێت ئەو کێشانەی دروست دەبن بەھۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسییە لەعێراق، بۆیە پەنابردن بۆ گفتووگۆ وا دەکات کێشەکان گەورە نەبن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی گرینگە و بنەڕەتیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەوەیە یاسای نەوت و غاز دەرکرێت، چونکە ئەوە کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە لەبنەڕەتدا، بەڵام پێویستە یاساکە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئامادە بکرێت".
ناوبراو وتیشی: "بڕیارە گفتووگۆ و کۆبوونەوە بەردەوام بن لە نێوان ھەرێم و بەغدا تاوەکو دەگەنە چارەسەریەکی بنەڕەتی".
بڵند ئیبراھیم




