ئومێد خۆشناو باس له هاتنه سه‌رخه‌تی خێرای سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك دەکات

هەولێر -KDP.info- پارێزگاری هه‌ولێر له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه ڕۆژنامه‌نووس كارزانی سه‌باح هه‌ورامی ئەنجامی داوە، تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ و ئاماژه به‌وه ده‌كات کە ئه‌وان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه، پلان و به‌رنامه‌یان هه‌یه. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك هاتووه‌ته سه‌رخه‌ت و به‌رده‌وام له خه‌می خه‌ڵكدایه.
KDP.info: پرسی كۆكردنه‌وه‌ی داهات له سنووری پارێزگای هه‌ولێر چۆنه و له هه‌ولێر چۆن له‌سه‌ر پاره‌ی داهاتی ناوخۆ پڕۆژه‌كان جێبەجێ دەکرێن؟
ئومێد خۆشناو: به‌شێكی زۆری پڕۆژه‌كانی هه‌ولێر له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی پارێزگا دابین ده‌كرێن، داهاتی سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان به ئاو و كاره‌با و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانەوە كۆ ده‌كرێته‌وه و دواتر وه‌ك خزمه‌تگوزاری به‌سه‌ر سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت. جیا له سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێر ئێمه 8 قه‌زامان هه‌یه و ئه‌وانیش له چوارچێوه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر له چوارچێوه‌ی پلانی پارێزگادا خزمه‌ت ده‌كرێن, دابه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بەپێی ڕێژه‌ی دانیشتووان و ئاستی پێداویستیی ناوچه‌كه و ئه‌وله‌ویه‌تی پرۆژه‌كان كراوه، له‌م كاته‌دا كه قه‌یرانی دارایی ڕووی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه، ڕه‌نگه ئه‌و توانایییەی نه‌بێت کار لەسەر هه‌موو پرۆژه و سێكته‌ره‌كان بکات، به‌ڵام هەر ئه‌وه‌ی کە له سنووری پارێزگای هه‌ولێر به داهاتی خۆمان به‌رده‌وام پرۆژه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، زۆر باشه و بارسووكکردنێكیشه بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم كه له‌سه‌ر داهاتی ناوخۆی پارێزگا ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه جێبه‌جێ بكه‌ین، له‌م ڕۆژانه‌دا پرۆژه‌ی گرنگمان له بواری كاره‌با و ڕێگاوبان و ئاو و گه‌شتوگوزار بەڕێوە برد و بۆ خزمه‌تی شاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت، دەیکەین و كه‌مته‌رخه‌می ناكەین.
KDP.info: گرانبوونی نرخی كاڵا له سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌تایبه‌ت له مانگی ڕه‌مه‌زاندا نیگه‌رانی دروست كردووه، ڕێنماییتان له‌و باره‌وه چی بووه؟
ئومێد خۆشناو: بڕیار لەسەر هه‌ڵگرتنی گومرگی كاڵاكان درا، كە یه‌كێك له بڕیاره هه‌ره گرنگه‌كان بوو و ئه‌و بڕیاره كە له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا درا، لەو ڕوانگەیەوە بوو كه له بازاڕەکانی جیهاندا نرخی هه‌ندێك كاڵا به‌رز بووه‌ته‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك ڕێكاری گرتە به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زۆر نه‌بێت، یه‌كێك له‌و بڕیارانه هه‌ڵگرتنی گومرگه له‌سه‌ر چه‌ند كاڵایه‌ك، بۆ ئەوەی بارگرانی له‌سه‌ر خه‌ڵك دروست نه‌بێت، ئەمەش كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت. ساڵانه له نه‌ورۆز و گه‌شت و سه‌یران به‌شێك له‌و بابه‌تانەی هه‌ستیان پێ ده‌كرا، نرخیان به‌رز ده‌بێتەوە، له مانگی ڕه‌مه‌زانیشدا به هه‌مان شێوه بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ ڕه‌مه‌زان و نه‌ورۆز كاته‌كانیان لێك نزیك بوو، لە هەمان كاتیش‌دا ئه‌وە گرفتێكی جیهانییه و ڕووی داوه، كه نرخی هه‌ندێك كاڵا بەرز بووەتەوە و هه‌رسێ هۆكار وای كرد له كوردستان ئه‌و كاریگه‌رییه هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه له هه‌ولێر چه‌ندین كۆبوونه‌وەمان كرد، وه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی قایمقامییه‌ت، لێژنه‌كانی بازاڕ، ئاسایشی ئابووری و كۆبوونه‌وه‌ی فراوان لە هه‌موو دامه‌زاروه‌كان كرا، چەندین ئاگاداری درایه ئه‌وانه‌ی كه ئەگەر ببنه هۆكاری ئه‌وه‌ی قۆرغكاری له بازاڕدا بكه‌ن، ڕێكاریان له دژ ده‌گرینه به‌ر و ڕایشمان گه‌یاند، هه‌ر ڕێكارێك بكه‌ین ناوی شوێن و ناونیشانه‌كانیان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، جگه له داخستنی شوێنه‌كه، پێبژاردنێكی زۆریشیان پێ دەكەین.
KDP.info: شه‌ڕی جیهانیی ئۆكراینا و ڕووسیا چ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی هەرێمی كوردستان هەبووە؟
ئومێد خۆشناو: له بازاڕی جیهانیدا به‌شێك له كاڵاكان نرخیان به‌رز بووه‌ته‌وه و ئه‌مه شمه‌كی جیاوازن و ستانداری نرخیان هه‌یه، كه ئێمه ناتوانین پێشیان لێ بگرین، جگه له‌وه هیچ قۆرغكارییه‌ك نییه و دۆخی بازاڕ كۆنترۆڵ كراوە، به‌ڵام به‌و مانایە نییه هیچ نرخێك به‌رز نه‌بووه‌ته‌وه، نا، هه‌ندێك كاڵا نرخیان به‌رز بووه‌ته‌وه و له ده‌سه‌ڵاتی هیچ لایەكدا نییه و كێشەكە جیهانییه.
KDP.info: سەبارەت بە گرنگیپێدانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بە پرسی نرخی كەلوپەلەكانی بازاڕ، ئه‌و چۆن هاوكاریتان ده‌كات؟
ئومێد خۆشناو: به دڵنیایییه‌وه هه‌رگرفتێك له بابه‌تی بازاڕدا هه‌بێت و ببێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان، سه‌رۆكی حكوومه‌ت زۆر به‌وردی چاودێریی ده‌كات و هه‌میشه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسانه ده‌كات و ئێمە و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی بۆ ڕاده‌سپێرێت. سەرۆكی حكوومەت به‌رده‌وام خۆی چاودێری ده‌كات و ڕێنمایی و ڕاسپارده دەداتە دامه‌زراوه‌كان و ئامانجیشی خزمه‌تیكردنی چین و توێژەكانی خه‌ڵكه. خۆی ڕاپۆرتی تایبه‌ت و به‌دواداچونی تایبه‌ت بۆ بابەتەکان ده‌كات و له ئه‌نجامی لێژنه‌كان ده‌پرسێته‌وه به‌رده‌وام له‌گەڵمانه و له‌سه‌ر خه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت، باشترین نموونه، بابه‌تی لافاوەکەی ناو هه‌ولێر و پرسی گرانیی به‌نزین و بابه‌تی كه‌میی ئاو و خزمه‌تگوزارییە گشتییه‌كانە، سه‌رۆكی حكوومه‌ت خه‌مخۆرانه له‌گه‌ڵمانه.
KDP.info: له‌سه‌ر پرسی به‌نزین چ بڕیارێك هه‌یه؟
ئومێد خۆشناو: له سه‌ره‌تای دروستبوونی قه‌یرانی به‌نزین و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له بازاڕی جیهاندا، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له هه‌ولێر دابشكێنین، له پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌مان كرد و بڕیاری گرنگمان دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی له تواناماندایە بیكه‌ین، تا ئاسانكاری بكرێت بۆ هێنانی به‌نزین، له‌و باره‌شه‌وه داوامان له بازرگان و سه‌رمایه‌داران كرد، تا به‌پێی ڕێنمایی و پێوه‌ره‌كان به‌نزین هاورده بكه‌ن، به‌ڵام گرفتێكمان هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌نزین له وڵاتانی ده‌وروپشت و ناوچه‌كه و جیهانیش گران بووه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به نرخی سووته‌مه‌نی له بازاڕی جیهان و له توانای ئێمه به‌ده‌ره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له تواناماندا بێت و بزانین له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین کاریگەریی دەبێت، ده‌یگرینه به‌ر و له‌و باره‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته و خۆیشیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌روونكردنه‌وه‌یان داوه.
KDP.info: وه‌ك پارێزگاری هه‌ولێر پلانی داهاتووتان چییه؟
ئومێد خۆشناو: بەپێى ئەو بەرنامە و پلانانەى لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دانراوە و بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەمساڵ 85 ملیار دینارە، کە بۆ پارەکە 28 ملیار دینار بوو، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە سەر ڕێگەمان، ئەمساڵ ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکەین، کە بەشێکیان لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دەبێت و بەشێکى تریشان لە ڕێگەى وەزارەتەکانەوە جێبەجی دەکرێن.
KDP.info: داواتان چییه بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتان بێن و له هه‌ولێر وه‌به‌رهێنان بكه‌ن؟ مه‌به‌ست له هه‌ولێر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بەڕێزت پارێزگاری هەولێریت.
ئومێد خۆشناو: داوا له وه‌به‌رهێنه‌رانی جیهان ده‌كه‌ین له هه‌ولێر وه‌به‌رهێنان بکەن و خواستێكی جیهانییش هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر ئاستی وه‌به‌رهێنان زیاتر بكرێت، لە پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بابەتی گەشتوگوزار و پەرەپێدان بە گەشتوگوزار و هاوکات سێکتەرەکانی دیکەی بووژاندنەوەی هەرێمی کوردستان جێگەی گرنگی و بایەخی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەمانەوێت گەشتوگوزار بکەینە پردێک بۆ بە یەکترگەیاندن و ئاشنابوونی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکەمان، بەو ئومێدی لە ئایندەدا کاری هاوبەش ببێتە بنەمای سەرەکیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان باشترین دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاساکانی هەرێمی کوردستان ڕەخسێندراوە، بۆیە بانگهێشتی وڵاتانی جیهان دەکەین بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
کارزان سەباح هەورامی




