٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەربەست مستەفا: ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت باشترە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئەوەی گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئەگەر یەک بازنەش بێت لە بەرژوەندیی ھەموو لایەکدایە و ئەندام پەرلەمانەکانیش نابنە نوێنەری تەنھا ناوچەیەک و دەبنە نوێنەری ھەموو خەڵکی کوردستان.

سەربەست مستەفا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گرنگیی یەک بازنەیی لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەوەیە کە ئەوانەی دەبنە ئەندام پەرلەمان دەبنە نوێنەری ھەموو خەڵکی کوردستان نەک تەنھا ناوچەیەک و جگە لەوەش، یەک بازنەیی لە بەرژوەندیی ھەموو حیزبەکان بەگشتیدایە و بەتایبەت حیزبە بچووکەکان کە دەنگەکانیشیان کۆ دەبنەوە، بۆیە یەک بازنەیی لە بەرژوەندیی گشتیدایە و دەشکرێت فرە بازنەی بێت.''

سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: ''ئەوە سیستەمی ھەڵبژاردن دیاریی دەکات و حزبەکان داوا دەکەن لە سەرتاسەری ھەرێم دەنگ کۆ بکەنەوە و لە بەرژوەندیی حیزبە بچووکەکانیشدایە و سوودی زۆری ھەیە، بەڵام دوو بۆچوون ھەیە، هەندێک پێیان باشە نوێنەرەکان تەنھا نوێنەری ناوچەیەک بن و ھەندێکیش پێیان وایە ھەرێمی کوردستان یەک ھەرێمە و پێویستە نوێنەرەکان نوێنەری ھەموو ھەرێم بن، نەک تەنھا یەک ناوچە لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە باشترە نوێنەری ھەموو ھەرێمی کوردستان بن.''

سەربەست مستەفا باسی لەوەش کرد: ''ئەگەر یەک بازنەیی بێت دەنگی ھەموو حیزبەکان لە ھەموو ناوچەکان کۆ دەکرێنەوە و لەو ناوچانەی کەمن و لەو ناوچانەی زۆریشن، بۆیە دەنگیان بەفیڕۆ ناچێت و ڕەنگە کورسییشیان زیاد بێت، بەڵام لە فرەبازنەییدا بەو شێوەیە نییە، مەگەر ھاوپەیمانی دروست بکەن''.

گوتیشی: ھەر حیزبێک قەبارە و ھێزی خۆی دەزانێت و دەزانێت چۆن بەشداری دەکات، بەڵام لەسەر ڕێککەوتنی لایەنەکان دەمینێتەوە کە چۆن لەسەری دەگەنە ڕێککەوتن و ئەوەی گرنگە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار