ووردهكاری دروستكردنی دادگایەکی تایبەت بە ژینگە له KDPیهوه بزانه

ھەولێر-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە گوتی، تاڕادەیەکی باش خەڵک پابەندە بەڕاو نەکردن و ئەوەی سەرپێچیش بکات سزا دەدرێت و ئێستا کار لەسەر یاسایەکی تایبەت بە ژینگە دەکرێت و بەشێکیشی تەواو بووە و وردەکاری زۆر باشی تێدایە و دادگایەکی تایبەت بە ژینگە دروست دەکرێت، کە لەو دادگایە بڕیار لەبارەی ئەو کەسانە دەدرێت کە سەرپێچی ژینگە دەکەن.
عەمید سامی سابر، فەرماندەی ھێزی پاراستنی ژینگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تاڕادەیەکی باش خەڵک پابەندی قەدەغەکردنی ڕاوکردنە و سەرپێچیش ھەیە، بەڵام کەمە و ئەوەی سەرپێچیش بکات ئێمە رادەستی یاسای دەکەین و دەستگیریان دەکەین، چونکە ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی ڕاو بکات و زیان بە ئاژەڵ لەھەمان کاتدا ڕاوی ماسی بکات کە کاتی زاو زێیە و قەدەغەیە، چونکە ئێستا ھەموو ڕاوێک قەدەغەکراوە، ئینجا ڕاوی ماسی و ئاژەڵ و باڵندەش".
عەمید سامی سابر گوتیشی: "سزاکان بەڵێن نامەی پێپڕدەکرێتەوە و سزای دیکەش دەدرێن و کەرستەی ڕاوکردنیان لێ وەردەگرێن و سزای ماددیش ھەیە و چاوەرێ دەکەین یاسایەکی تایبەت دەربکرێت کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و یاسایەکی فراوان بە ژینگە لە ئامادەکردندایە بە ناوی یاسای ژینگە، کە بەشێکی تەواو بووە و بەشێکی ماوەو ھەموو وردەکاریەکانی تێدایە، تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانیش کە ڕێگە بەچ جۆرێک دەدرێت ھاتووچۆ بکات، داربڕین و ھەرچی پەیوەندی بەژینگەوە ھەیە باسی تێدا دەکرێت".
سابری باسی لەوەشکرد: "ئەوەی گرینگە دادگایەکی تایبەت بەو کەسانە دروست دەکرێت سەرپێچی ژینگە دەکەن، چونکە دادگاکانی دیکە کەیسەکانی ژینگە لای ئەوان یەکلایی ناکرێتەوە و ئەوان کەیسی دیکەیان لە ئەستۆیە یەکلایی بکەنەوە و پێویستە دادگای تایبەت و دادوەری تایبەت بە ژینگە ھەبێت بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە بدات کە پەیوەندیان بەژینگەوە ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




