زێباری بۆ KDP: ئەوانە چاویان به ھەرێم ھەڵنایەت و نایانەوێت پێش بکەوێت

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوانەی ھەولێر دەکەنە ئامانج کۆمەڵێک گروپن و چاویان بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵنایەت و حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە و پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ناشکرێت دۆخی ناوچە کوردستانیەکان بەو شێوەیە بن و پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت.
بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو بۆردوومانکردنە بەردەوامەی ھەرێمی کوردستان و کردنە ئامانجی کوردستان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تەحەمولی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ناکەن و چاویان پێ ھەڵنایەت، چونکە نایانەوێت ھەرێم پێش بکەوێت و ئارامی ھەبێت، بۆیە بەردەوام ھەولێر بۆردوومان دەکەن".
ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن بەشێک لە گروپەکانی حەشدی شەعبین ئەوانەی گوێ بەکەس نادەن و دژی دەوڵەتی خۆیان و عێراقیشن، چونکە فرۆکەخانەی بەغداش بۆردوومان دەکەن".
زێباری باسی لەوەشکرد: "پێویستە حکوومەتی داھاتووی عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ئێستاش حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە، چونکە ئەو شوێنەی مووشەکی لێ ئاراستەی ھەرێم دەکەن حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسیارە، بەڵام ئەوانە جۆرە گروپێکن تەنانەت بەئاشکرا و لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەکانەوە قسە بە سەرۆکوەزیرانیش دەڵێن، بەڵام پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق ئەو دۆخە چارەسەر بکات و ناوچە کوردستانیەکانی کۆنترۆڵ بکات".
بڵند ئیبراھیم




