سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسهمبوورگ كۆبووه‌وه

به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2022/3/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ژان ئه‌سیلبۆرن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسهمبوورگ كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عیراق له سه‌روبه‌ندى دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دۆخى ئێزدییان و ناوچه‌ى شه‌نگال و پێكهاته‌كان له ده‌شتى نه‌ینه‌وا و دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه كلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق، چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالیى عیراقه و هه‌ردوولا ده‌بێ به گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ڕێگه‌چاره بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كان بدۆزنه‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسهمبوورگ، وێڕاى ئاماژه‌دان به سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كانى سه‌رده‌مى شه‌ڕى دژى داعش له هه‌رێمى كوردستان، پشتگیرى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ورووپا بۆ هه‌رێمى كوردستان و بایه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به پرسى پێكهاته‌كان و دۆخى ئێزدییان به‌تایبه‌تى دووپات كرده‌وه و باسى له پلانى خۆى بۆ سه‌ردانى كه‌مپه‌كانیان كرد.
كاریگه‌رییه‌كانى شه‌ڕ له ئۆكراینا ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو، تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو لایه‌ك زیاتر هه‌ست به ئازارى شه‌ڕ و ئاواره‌یى و نه‌هامه‌تییه‌كانى جه‌نگ ده‌كات، بۆیه هاوسۆزى خه‌ڵكى ئۆكراینا و قوربانییه‌كانه و هیوا ده‌خوازێت كۆتایى به جه‌نگ بێت و لایه‌نه‌كان ئاشتیانه له ڕێگه‌ى گفتوگۆوه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
گفتوگۆكانى ڤیه‌ننا و دۆسییه‌ى ئه‌تۆمى، دۆخى سووریا و لێكه‌وته‌كانى و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




