د. شێروان: ٣٠ کەس و کۆمپانیا بەھۆی کێشەی دەرمانەوە دراونەتە دادگا

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕ کردووتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی دەرمان و بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی دەرمانیش دەڵێت: ''ڕۆژانە شوێنەکانی دەرمان سزا دەدرێن و ٣٠ کۆمپانیا و کەس بەھۆی دەرمانەوە دراونەتە دادگا.''
د. شێروان قادر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەکانی ئێمە بە ھەماھەنگیی سەندیکای دەرمانسازان و پۆلیس ھەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژانە لیژنەکان بەدوداچوون و پشکنین بۆ دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان دەکەن و بەپێی سەرپێچی، سزای ئەو کەس و کۆمپانیانە دەدرێت کە سەرپێچیان کردووە و بەپێی جۆری سەرپێچی لیژنەکان بڕیاری خۆیان دەدەن.''
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان گوتیشی: "ڕێگە نادەین دەرمانی ساختە و ماوەبەسەرچوو مامەڵەی پێوە بکرێت، ھەتا ئەگەر شوێنێکیش پابەندی ھەڵگرتنی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی نەبێت، بەگوێرەی ڕێنمایی و بڕیارەکان سزا دەدرێت.''
د. شێروان قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ئێستا چەندین شوێنی دەرمان سزا دراون و بەپێی ئاماری بەردەست ١٠ کۆمپانیا و ٢٠ کەس بەھۆی سەرپێچی لە کەرتی دەرمان دراونەتە دادگا و پرۆسەی چاکسازی لە کەرتی دەرمان بەردەوامە، چونکە ڕێگە نادەین بە سەرپێچی لە کەرتی دەرمان و بەردەوام دەبین لە پشکنین و بەدوداچوونەکانمان بۆ بازاڕی دەرمان.''
قائید میرۆ




