سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سكرتێرى گشتیى UN كۆبوونه‌وه

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2022/2/18 له چوارچێوه‌ى چالاكییه‌كانیاندا له كۆنفرانسى ئاسایشى میونشندا، به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دواى خستنه‌ڕووى پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ڕه‌وشى عیراق به‌گشتى، به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى پشتگیریى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیان له عیراق كرد، به‌تایبه‌تى ڕۆڵى (یۆنامى) له هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراقدا و هیواى به‌رده‌وامیى یارمه‌تیدان و پشتگیریى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له عیراق خواست.
دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى داعش، ته‌ورێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو. تیایدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى جددى و ڕاسته‌قینه‌یه و له عیراق و سووریا هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌كات.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه باس له گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر كرا و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عیراق، چونكه به نائارامى و ناسه‌قامگیرى، پرۆسه‌ى سیاسى بنكۆڵ ده‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت.
خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له كاتى خۆیدا، دوا بڕیارى دادگه‌ى باڵاى فیدرالیى عیراق ده‌رباره‌ى یاساى نه‌وت و گاز له هه‌رێمى كوردستان و ئه‌گه‌رى سه‌ردانى به‌ڕێز سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه بۆ عیراق دواى پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى فیدرالى له عیراق، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.




