نەوزاد شێخ کامیل: بەغدا خاڵی گومرکیی لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق داناوە"

هەولێر -KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە حکوومەتی بەغدا خالی گومرکیی لە ھەموو ئەو دەروازانەی دەچنەوە پارێزگانی ناوەڕاست و باشووری عێراق داناوە و بەرپرسێکی وەزارەتی بارزگانییش دەڵێت، وەزارەتی بازرگانی و حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنیان.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە حکوومەتی عێراق خاڵی گومرکیی لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق داناوە و باجی خستووەتە سەر ئەو بەرھەم و کەلوپەلانەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، پێشتریش ئەو کێشەیە ھەبووە و چارەسەر کراوە، بەڵام دیارە دیسان خالی گومرکییان داناوە.''
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت: "ھاوردەکردنی ھیچ کەلوپەلێک قەدەغە نییە، بەڵام باجیان لێ وەردەگیرێت، ئەمەیش ھۆکارە بۆ زیانگەیاندن بە بازرگانان و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کەلوپەلانەی ھاوردەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێن، لەسەر سنوور باجیان لێ وەردەگیرێت و نابێت دووبارە باجیان بخرێتە سەر.''
نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە: "وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بازرگانیی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە بۆ لابردنی ئەو خاڵە گومرکییانە و ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە، ھەروەھا لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئاگادار کراوەتەوە، چونکە ناکرێت لە یەک وڵاتدا ڕێگە بە ھاوردەکردنی کەلوپەل بگیرێت و دووبارە باجیان لێ وەربگیرێت.''
قائید میرۆ




