ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەدواداچوون بۆ نرخی بەنزین دەکات

هەولێر -KDP.info- چەند ڕۆژێکە نرخی سووتەمەنی بەگشتی و بەتایبەتی بەنزین لە ھەڵکشاندایە. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێت، قەیرانی سووتەمەنی جیھانی گرتووەتەوە و بۆ بەرزبوونەوەی نرخیش بەدواداچوون دەکەین.
سلێمان بارزانی، بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی لە دەسەڵاتی ناوخۆدا نییە، چونکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرز بووەتەوە و کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەرھەمە نەوتییەکان داناوە، لەوانەش بەنزین، ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگا بەردەوام چاودێریی ڕەوشی سووتەمەنی دەکەین لە بازاڕ و وێستگەکان، ئێستایش بڕیارە بەدواداچوون بکەین، تەنیا نرخ نییە، کوالێتیش گرینگە.''
سلێمان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشتر حکوومەت بەنزینی بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرد، بەڵام دوای ھاتنی قەیرانی دارایی ئەو بەنزینە نەماوە، ئێستا قەیرانی سووتەمەنی جیھانی گرتووەتەوە، ئەگەر ھۆکارەکان ناوخۆیی بن ئەوە چارەسەری ئاسانە، بەڵام کاتێک جیھانێ بێت ھیچ چارەسەرێک نییە.''
هەر لەم بارەیەوە، بەھزاد عوزێر، بازرگانی بەنزین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەو بەنزینەی لە ناوخۆ ھەیە بەشێکی کەمی لە ئێرانەوە دێت و بەنزینی سۆپەڕ لە تورکیاوە ھاوردە دەکرێت، ئەوەی دیکە لە ڕێگەی پاڵاوگەی کار و بێجییەوە دێتە بازاڕ، ھەموو ڕۆژێک لە بازاڕی سووتەمەنیی ھەولێر نرخی ڕۆژ دیاری دەکرێت، ئێستا نرخەکان بەرەو ھەڵکشانن، دوێنێ نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵ لە بازاڕی ھەولێر گەیشتبووە نزیکەی ٩٠٠ دینار، جگە لە کرێی گواستنەوە و سوودی وێستگە.''
ئەو بازرگانەی بەنزین ڕوونیشی کردەوە: "قەیرانی بەنزین لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕی جیھانی دەستی پێ کردووە، ئێمە پێمان وایە چارەسەر تەنیا ئەوەیە حکوومەت دابەشکردنی بەنزینی کار بۆ وێستگەکان زیاد بکات و چاودێری بخرێتە سەر بازاڕ، ئەگەرنا لە ڕۆژانی داھاتوودا پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکرێت.''
قائید میرۆ




