سەفین دزەیی بۆ KDP: تموحی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە

هەولێر-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیكەلییەی نوێی بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە داڕشتووەتەوە، لە بەرنامەشیدایە پێوەندییە دیپلۆماسییەكان فراوانتر بكات و بەنیازە لە چەندین دەوڵەتی عەرەبی نوێنەرایەتی بكاتەوە.
سەفین دزەیی، سەرۆكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی لە 1991 بۆ 2003 تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو، کە لەگەڵ بارودۆخی ئەو سەردەمە پێوەندی هەبوو، بەڵام سنووردار بوو، لە ساڵی 2003 و دوای گۆڕانی ڕژێمی عێراق و دانانی دەستووری نوێ و دامەزراندنی فدڕاڵییەت، پێناسەی كوردستان و ماف و دەسەڵاتی دیاری كرا و تواندرا پێوەندییەكان فراوان بكرێن و دەوڵەتانیش ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، کە كۆنسووڵخانەكانیان لە هەولێر کردەوە و نوێنەرایەتیی هەرێمیش لە وڵاتان کرایەوە".
سەفین دزەیی گوتیشی: "تموحی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە پێوەندییەكان زیاتر فراوان بكەین، بەرنامەشمان هەیە لە فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە و، پێداچوونەوەی هەیكەلییەی پێوەندییەكانی دەرەوەمان كردوووە، کە لە ئاست خواست و پێداویستییەكانی ئەمڕۆدا بێت".
دەمانەوێت پێوەندییەكانمان لهگهڵ وڵاتانی عەرەبی بەهێزتر بكەین
دزەیی دەڵێ: "پێویستە پێوەندییەكانمان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەهێزتر بكەین، ئەو حەزەش لە تەرەفی دەوڵەتانی عەرەبیش هەیە و نیازمان هەیە لە چەند وڵاتێكی عەرەبی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم بكەینەوە، تاكو ئێستاش لە هیچ وڵاتێكی عەرەبی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم بوونی نییە، بەڵام شەش وڵاتی عەرەبی كۆنسووڵخانەیان لە هەولێر هەیە، بۆیە دەمانەوێت پێوەندییەكان بەهێزتر بكەین لە بوارەكانی ئابووری و كولتووری و ئەكادیمی و ئەمنی".
"بەرپرسانی باڵای دەوڵەتانی عەرەبی سەردانی كوردستانیان كردووە، هەروەها سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت سەردانی دەوڵەتانی عەرەبییان كردووە، بۆیە دەمانەوێت لە وڵاتانی كەنداو نوێنەرایەتی بكەینەوە، پێشنیازەكانیشمان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، کە پێویستمان بە بودجەی تایبەت هەیە لەگەڵ كادری ئەكادیمی". سەفین دزەیی وای گوت.
دەمانەوێت لە چەند دەوڵەتێك نوێنەرایەتی بكەینەوە
سەفین دزەیی دەشڵێ: "لە توركیا نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونی نییە، چەند جارێكیش لەگەڵ لایەنی توركی پێشنیازمان كردووە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لەو وڵاتە بكەینەوە، بەڵام هێشتا نەكەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەمانەوێت لەم بەرنامە نوێیەی فەرمانگەمان لە چەند دەوڵەتێك نوێنەرایەتی بكەینەوە، لەو چوارچێوەیەش لە توركیا بیكەینەوە، چونکە پێوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و ئەكادیمی و كۆمەڵایەتیی كوردستان و توركیا، پێوەندییەكی باشە، پێش چەند ڕۆژێك سەرۆكی هەرێم لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا كۆبوویەوە. لەگەڵ ئێرانیش پێوەندییەكان باشن وەك دەوڵەتێكی دراوسێ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لەو وڵەتە بوونی هەیە و پێوەندییەكان بۆ پێش ڕاپەڕین دەگەڕێنەوە".
پێوەندیی كوردستان و دەوڵەتانی ئەورووپا و ئەمەریكا
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "پێوەندیی دیپلۆماسی و پێوەندیی سابت و نەگۆڕ هەیە، بەڵام جارجار لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیدا، زیاتر جووڵە لە پێوەندییەكاندا دروست دەبێت، لە ساڵی 2014 بۆ 2018 ئەو دەوڵەتانە لە شەڕی دژی داعش بەدەنگ كوردستانەوە هاتن، شاندی باڵای سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیر و وەزیری بەرگری و دەرەوە و كۆنگرێس و سینات و شاندی سیاسییان ڕۆژانە ڕوویان لە كوردستان دەكرد، ئەوە بارودۆخێكی تایبەت بوو و گرنگییان پێ دەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".
گوتیشی: "لە کوردستان نموونەی جوانی پێكەوەژیان هەیە و بە هاتنی ئاوارەکانیش بۆ كوردستان، 30%ی ڕێژەی دانیشتووان زیادی كرد، ئەوەش وای كرد دنیا بە چاوێكی ڕێزەوە تەماشای كوردستان بكات".
ئاماژەشی دا: "پێوەندیی ئێستای وڵاتان لەگەڵ كوردستان لە قۆناغێكی باشدایە، سەرباری ئەوەی كۆرۆنا هۆكار بووە لەوەی شاندی دیپلۆماسی كەمتر بێن، بەڵام وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی لیتوانا و سوید و ئەڵمانیا و چەندان شاندی باڵای تر لەم ماوەیەدا سەردانی كوردستانیان كردووە، بەم زووانەش شاندی باڵای وڵاتانی تریش سەردانی كوردستان دەكەن".
هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە وڵاتان هەیە، کە بریتین لە ئەمەریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، ئێران، ئوسترالیا، پۆڵۆنیا، سویسرا، (یەكێتیی ئەورووپا – بەلجیكا).
عەزیز ڕەسووڵ




