٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکردەیەکی سوننە: دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە داعش بەھێز دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- سەرکردەیەکی سوننەکان رایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستا بە زۆر لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بەسەر کەرکووکدا سەپێندراوە و کاتی ئاساییکردنەوە و گۆڕینی دۆخی شارەکە ھاتووە. دەشڵێ، ئەگەر کێشەی کەرکووک پەلەی لێ نەکرێت و دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە، جارێکی دیکە داعش لە سنوورەکە بەھێزتر دەبێت و شانە نوستووەکانی ناو کەرکووکیش دەست بە کردەوە دەکەن.

دکتۆر عەلا مەکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پرسی کەرکووک ئاڵۆزە و ئاسان نییە چارەسەری کێشەکانی بکرێت، چونکە کەرکووک لە چەند پێکھاتەیەک پێک ھاتووە، وەک کورد و عەرەب و تورکمان، بۆیە پێویستە ھەر یەکەو بەپێی قەبارەی خۆی مافی پێ بدرێت و ناکرێت کەس خۆی بەسەر پێکھاتەکانی دیکەدا فەرز بکات، بۆ نموونە پارێزگاری کەرکووک، بۆیە پێویستە بزانرێت ھۆکار چییە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پێکھاتەکاندا دەکات و کێ ھانی دەدات ئەو کارە بکات".

مەکی گوتیشی: "پێویستە بە گفتوگۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، هەروەها ناکۆکییەکان وەلابنرێن و چیتر رێگە نەدرێت پارێزگار تەعەدا بکات و کاتی ھاتووە پارێزگار بگۆڕدرێت، چونکە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەزۆر بەسەر کەرکووکدا سەپێندراوە و ئەو دۆخە سەربازییە دروست کراوە، بۆیە کاتی گۆڕینی ھاتووە، پێوستیشە ھەموو پێکھاتەکان داواکاریی خۆیان پێشکەش بکەن و بگەنە رێککەوتنێک، کە ھیچ پێکھاتەیەک پشتگوێ نەخرێت و مافی ھەمووان بدرێت"

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پۆستی پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە، بەڵام بە ھۆی فشاری ھێزە عێراقییەکانەوە عەرەبێک کراوەتە پارێزگار و تا ئێستاش لە پۆستەکەی بەردەوامە، بۆیە ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، داعش بەھێزەوە سەر ھەڵدەداتەوە و شانە نوستووەکان دەست بە کردەوە دەکەنەوە لەناو کەرکووک، کە دۆخی ئەمنیی شارەکە خراپە، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە لایەنەکان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و چیتر رێگە نەدەن دۆخی کەرکووک بەو شێوەیە بێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار