٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری: ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و ھێزی عێراقی پڕ بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و ھێزی عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکان پڕ بکرێتەوە، بەڵام ھۆکاری پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، عێراقە نەک ھەرێمی کوردستان.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای پڕکردنەوەی ھەندێک بۆشایی ئەمنی لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە، جموجۆڵی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان کەم بووەتەوە و ئێستا لەجیاتی ئەوەی داعش ھێرش بکات، ھێزی پێشمەرگە بۆسە بۆ داعش دادەنێنەوە و، لەو رێگەیەشەوە شەڕ دروست بوو و گورزێکی باش لە داعش وەشێندرا.

زێباری گوتیشی، گرنگە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی پڕ بکرێتەوە و ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا ئامادە نەبووە، چونکە داوایان لێ کراوە بێن، بەڵام نەھاتوون، بۆیە لەسەر ئەوان ماوە کە بڕیاری پڕکردنەوە بدرێت لەو بۆشاییانەی ھەن و گرنگیشە پڕ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی جوڵەی داعش کەمتر بێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار