ڕێژەیەکی تایبەت لە کۆمەڵگای نیشتەجێبوون دەدرێت بە خاوەنپێداویستیی تایبەت

هەڵەبجە -KDP.info- بەپێی هەمواری یاسای خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان، هیچ کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون مۆڵەتی پێ نادرێت، تاکوو ڕێژەیەک بەخۆڕایی نەدات بە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و، دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش بۆ جێبەجێکردنی هەماهەنگییان کردووە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە هەمواری یاسای خاوەنپێداویستییە تایبەتەکاندا ماددەیەکی تایبەتی تێدایە کە هەر کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروست دەکرێت، مۆڵەتی پێ نادرێت تاکوو چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون نەدرێت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بدرێت بە کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "سەردانی محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانمان کردووە، گشتاندن بەو ماددەی یاساییە کراوە کە بۆ ئایندە مۆڵەت نادرێت بە هیچ کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون ئەگەر ڕێژەیەکی نەدرێت بە خاوەنپێداویستیی تایبەت لەڕێگەی وەزارەتمانەوە".
کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "ڕێژە دیاری نەکراوە لە یاساکەدا، بەڵام دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کاتی پێدانی مۆڵەتی یەکەی نیشتەجێبوون بە وەبەرهێن دیاریی دەکەن، چونکە کۆمەڵگاکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێن".
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی زیاتر گوتی: "ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی لە کاتی بنیاتنانی کۆمەڵگاکاندا دەدرێن بە وەزارەت لە ڕێگەی فۆرمێکەوە خاڵیان بۆ دیاری دەکەین و هەر خاوەنپێداویستییەکی تایبەت زۆرترین خاڵی هەبوو، دەدرێت بەوەیان".
کوێستان محەمەد ڕوونیشی کردەوە: "87 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە حکوومەت مووچە وەردەگرن، لەو ڕێژەیە 75 هەزاریان مانگانە 150 هەزار مووچەکەیانە و 12 هەزاریان مانگانە 100 هەزار دینارە و بڕیار دراوە مووچەکانیان بخرێتە سەر مووچەی دەوامەکانیان".
عەزیز ڕەسووڵ




