٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP باس له‌ کوشتنی خەلیفەی داعش و کاریگەریه‌كانی ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کوشتنی خەلیفەی داعش کاریگەریی زۆری بەسەر لاوازبوونی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەبێت و لاوازیان دەکات، ئەمەش سوودی بۆ کورد  و ھەموو وڵاتانیش ھەیە، چونکە داعش دوژمنێکی سەرسەختی کوردە و چەندی لاواز بێت، لە بەرژەوەندیی کورددایە.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کوشتنی خەلیفەی داعش (ئەبو ئیبراھیم ھاشم قوڕەیشی) کاریگەریی یەکجار زۆری لەسەر تیرۆریستانی داعش دەبێت، چونکە ئەگەر ئامیرێکی بچووک و مامناوەندیش بکوژرێت، کاریگەری لەسەر ئەو ناوچە دەبێت، کە سەرکردایەتیی دەکات و ئەگەر خەلیفەکەیان بکوژرێت، کە ئیدارەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکات، بێگومان ھەموو سیستمی ئەوان دەھەژێت و تێکدەچێت، چونکە ئەگەر کەسێکی دیکەش لە شوێنی ئەو دانێن، ئایا دەتوانێ شوێنی بگرێتەوە و سەرکردایەتیی ئەوان بکات و رێکخراوەکە بەڕێوە ببات، زۆر زەحمەتە، بۆیە ئەمە گورزێکی گەورە بوو لە داعش درا".

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش چەند لاواز بێت، بۆ ئێمەش باشە، چونکە گەر پێیان بکرێت تاکێکمان لێ ناھێڵن، بۆیە چەند لاواز بن، بۆ میللەتی کورد و وڵاتانی پێشکەوتنخواز و مرۆڤدۆست باشە، بۆیە ئەو کوشتنەی خەلیفەی داعش، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داعش دەبێت".

زێباری باسی لەوەش کرد: "بە ھۆی کوشتنی خەلیفەی داعش، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامی خۆیدا باسی ھێزی عێراق و پێشمەرگەشی کرد و لە باسی پێشمەرگەشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە کەس ھێندەی هەڤاڵانی پێشمەرگەمان ئەزیەتیان نەکێشاوە لە شەڕی دژی داعش، چونکە پێشمەرگە لەجیاتی ھەموو وڵاتان شەڕی داعشی کردووە و رۆڵێکی سەرەکیی ھەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنیان".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار