چاودێران: زێباری یەكێكە لەو كەسانەی كە به پەنجەی دەست دەژمێردرێن

هەڵەبجە-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ و چاودێرانی سیاسی دەڵێن، هۆشیار زێباری كەسایەتییەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە و كەمن ئەو كەسانەی هاوشان بن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە، کە پۆستەكەش پۆستی كوردە نەك هی كەس و حزب.
د. نەجیبە ئیبراهیم، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی زانسته سیاسیهكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە پۆستی سەرۆکكۆمار وەک پشکی کورد تەماشا بکرێت نەک حزب و شەخسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت رەچاوی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکرێت، چونکە دەنگدەری کورد لەگەڵ ئەو لایەنەن کە زۆرینەی دەنگی بە دەست هێناوە و داوای ئەوە دەکەن کە سەرۆککۆمار بەو لایەنە ببەخشرێت، کە زۆرترین دەنگی بە دەست هێناوە لە هەڵبژاردندا".
د. نەجیبە ئیبراهیم دەشڵێ: "زێباری یەکێکە لەو کەسایەتییە سیاسیانەی کە مێژوویەکی پڕ لە خەباتی سیاسیی هەیە، لە میانەی ئەو ساڵانەی کە وەک وەزیری دەرەوە و دارایی عێراق کۆمەڵێک دەستکەوتی بە دەست هێنا بۆ دەوڵەتی عێراق".
لە لایەکی دیکەوە، مەشخەڵ كەوڵۆسی، نووسەر و چاودێری سیاسی، لای خۆیەوە دەڵێ: "بەپێی عورفی سیاسیی عێراق، پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە و نابێت وەك پشكی حزبی تەماشای پۆستی سەرۆككۆمار بكرێت، کە بەركەوتەی كوردە هاوشێوەی پۆستەكانی تر بۆ شیعە و سوننە، لەسەر بنەمای ئەو عورفە، كورد بەشداریی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکات".
کەوڵۆسی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هەر كەس دەبێتە سەرۆككۆمار، دەبێ ئەجێندایەكی كوردی لە پشتەوە بێت، دەبوو سەرۆككۆماری ئێستاش ئەجێندایەكی كوردی لە پشت كارەكانییەوە بووایە، بۆچوونێكی هەڵە لە شەقامی عێراقی بڵاو بووەتەوە كە پۆستی سەرۆكکۆمار پۆستێكی تەشریفاتییە، سەرۆككۆمار پارێزەری دەستوورە و لە هەركوێ دەستوور پێشێل كرا، دەبێت سەرۆك قسەی لەسەر بكات و ڕێگری لێ بكات، هاوشان لەگەڵ دادگای دەستووری، ئەگەر بێدەنگ بوو لە پێشێلكاری، ئەوە پێشێلی دەستوورە، بۆیە پێویستە هەر كەس سەرۆككۆمار بێت، لایەنە كوردییەكان لەسەر بەرنامەكەی ڕێك بکەون".
ئاماژەشی دا: "هۆشیار زێباری مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە پێوەندیی دیپلۆماسی، لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆن و پاش ئۆپۆزیسیۆن و ماوەی وەزیری دەرەوەی عێراق، بەركەوتنی هەیە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دنیا و قورسایی هەیە، هەروەها یەكێكە لەو كەسانەی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن بتوانن ئەو پۆستە بەڕێوە بەرن".
عەزیز ڕەسووڵ




