٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندی دانوستانکاری پارتی: ھەرچی رێکاره‌ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار تەواو کراوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواو لە لایەن کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ھۆشیار زێباری بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کراوە و رۆژ بە رۆژیش دەنگەکان بۆ پشتگیریکردنی زێباری لە زیادبووندان.

رێناس جانۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامادەکاریی تەواو لەلایەن کاندیدی کورد ھۆشیار زێباری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار کراوە و ھەموو لایەنەکانیش پێشوازی لە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن زێبارییەوە دەکەن، چونکە ئەو پۆستە بۆ کورد دانراوە، ھۆشیار زێباری و پارتیش دەیانەوێت و مەبەستیانە، کە ئەو پۆستە بکەنە کوردستانی و حیزبی نەبێت و کەس داگیری نەکات و بڵێت بۆ ئێمەیە، ئێمە دەمانەوێت ببینە ھاوکار بۆ راستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی روویان داوە".

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا ڕوونیشی کردەوە: "کاک ھۆشیار کەسێکی بەئەزموون و شارەزایە و تەواو ئامادەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە، چونکە پێشتریش وەزیر بووە و کاری باشی کردووە، هەروەها پێشمەرگە بووە و کەسایەتییەکی دیارە و بەرامبەر سەددامی دیکتاتۆر شەڕی کردووە، لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقیشدا رۆڵێکی گرنگی ھەبووە و جێی متمانەیە و نەگۆڕاوە، بۆیە ھیچ کات مەبەستی وەرگرتنی پۆست نەبووە، بەڵکو مەبەستی خزمەتکردنی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی".

جانۆ گوتیشی، ھەرچی رێکاری پێویستە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە رۆژی دەنگدان و وەرگرتنی پۆستەکە، تەواو کراوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: "رۆژ بە رۆژ دەنگەکانی ئێمە لە پەرلەمان زیاد دەبن و ھەمووان پێشوازی لە پەیامی ئێمە دەکەن و پێیان خۆشە زێباری ببێتە سەرۆککۆمار".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار