ئۆجەلان پلانێك بۆ مەبەستی چارەكردنی كێشەی كورد لـــــە توركیادا ڕادەگەیەنێت

هەوڵەكان بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیادا درێژەیان هەیە و پێشبینیش دەكرێت نەورۆزی ئەمساڵ سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان داوا لە گەریلاكانی پارتەكەی بكات ئاگربەست ڕابگەیەنن.
ئامادەكردنی پلانێك
محەمەد یەگین پسپۆڕێكە لە "ڕێكخراوی توێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی" لە ئەنقەرە و دەڵێت، هەموولایەك پێشبینی ئەوە دەكات ئۆجەلان لە ڕۆژی نەورۆزدا ئەم پەیامە ڕابگەیەنێت.
یەگین ئەوەشی ڕوون كردەوە، كە بەرپرسانی حكوومەت و پارتە كوردییەكانیش بە پەرۆشەوەن ئەم پرۆسەیە سەركەوتن بەدەست بهێنێت و هەر ئەمەیش وای كردووە خەڵكی بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی هەنگاوەكان بكات.
هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسیش سەڵاحەدین دیمیرتاش ڕایگەیاند، ئۆجەلان لە ماوەی 2 تاكو 3 هەفتەی داهاتوودا پلانێكی تایبەت بە ئاشتی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
توێژەرەوان لەو باوەڕەدان ئەو پلانە چەند خاڵێكی گرنگ لە خۆی دەگرێت، لەوانەیش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن پەكەكەوە و پاشەكشەی گەریلاكانی پەكەكە لە ناو سنووری توركیا پێش دەستپێكردنی وەرزی هاوین.
لە بەرامبەریشدا، دەبێت حكوومەتی توركیا هەنگاوی زیاتر بە ئاراستەی دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لە وڵاتەكەیدا هەڵگرێت، لەوانەیش ڕێگادان بە جۆرە بەڕێوەبردنێكی ئۆتۆنۆمی لە ناوچە كوردییەكاندا.
چەكداماڵینی پەكەكە
كەناڵی "ئێن تی ڤی" توركیایش بڵاوی كردەوە، كە پلانەكەی ئۆجەلان 3 قۆناغ لە خۆی دەگرێت. قۆناغی یەكەم ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن پەكەكەوە. قۆناغی دووەم پاشەكشەی گەریلاكانی پەكەكە لە ناو سنووری خاكی توركیا.
قۆناغی سێیەمیش ئەنجامدانی چاكسازیی گرنگی بواری سیاسی و یاسایی لە لایەن حكوومەتەوە، كە ئامانج تیایدا دابینكردنی مافی كورد بێت.
"ئێن تی ڤی" باس لەوەیش دەكات، كە پاش جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە هێزی چەكداری پەكەكە هەڵدەوەشێتەوە و زۆرینەی گەریلاكانی ئەو پارتەیش دەگەڕێنەوە ناو كەس و كاری خۆیان بۆ توركیا.
دەمیرتاشیش گوتی، پێشبینی ئەوە دەكەین پێش جەژنی نەورۆز چەند پێشكەوتنێك لەم پرۆسەیەدا بەدەست بێن.
هەنگاوەكانی حكوومەت
لە لایەكی دیكەوە، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئەتاڵای ڕایگەیاند: حكوومەت كار لە سەر ئامادەكردنی پرۆژەیەكی یاسایی دەكات، كە ئامانج تیایدا نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم ئازادی قسەكردن و ڕادەربڕینە.
جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەیش دەبێتە هۆی ئازادكردنی سەدان چالاكوانی كورد، كە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا دەستگیر كراون و تاكو ئێستایش لە گرتووخانەكانی وڵاتدان.
سەرۆكوەزیرانی توركیایش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لایەن خۆیەوە ڕایگەیاند، حكوومەت ئامادەیە پەنا بۆ هەر ڕێگایەك ببات بۆ ئەوەی بتوانێت كێشەی كورد لە وڵاتەكەیدا چارەسەر بكات.
ئەردۆغان لەو بارەوە گوتی:"شەڕ ئاسانە، بەڵام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی كارێكی زەحمەتە. ئێمە ئامادەین ڕێگا سەختەكان بگرینە بەر، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەی ئاشتیە سەركەوێت".




