٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سوپاسالار: ١٨ لیوا یەکخراونەتەوە.. دوو لیوای دیکەش یەکدەخرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالار لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرکە بەردەوامە و دوو لیوای دیکە یەکدەخرێنەوە، کە تا ئێستاش ١٨ لیوای ھێزی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە.

لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و تا ئێستا ١٨ لیوای ھێزی پێشمەرگەمان لە وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە و ئێستا یەکەی ٨٠ ناوی لیوایەکی ئامادە کردووە و داویەتە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لیوایەکی ھێزەکانی ٧٠ ئەوانیش لیوایەک بێنن و یەکبخرێن و ببێتە لیوای ھاوبەش، بۆیە یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت".

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "ئێستا کار بۆ یەکخستنی ھەروو لیواکە دەکرێت و دەبنە دوو لیوای ھاوبەش، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بەردەوامیش دەبێت، تاوەکو سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە و دەبنە لیوای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاری بەردەوامیشی بۆ دەکرێت".

لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیار دراوە پێویستە سەرجەم ئەو ھێزانەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، یەک بخرێن و بکرێنە لیوا و بکەونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستاش ١٨ لیوای ھێزی پێشمەرگە یەکخراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار