دژوار فایەق: سەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکان بەندە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێی وایە، سەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکان بەندە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و دەشڵێ، پڕۆسەی تەعریب بە شێوەی ژێربەژێر درێژەی ھەیە.
دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، حکوومەتی فیدڕاڵ ناوچە کوردستانییەکانی پشتگوێ خستووە و بایەخێکی ئەوتۆ بەو ناوچانە نادرێت و ژێربەژێر پڕۆسەی تەعریب درێژەی ھەیە، ئەویش بە گەڕانەوەی ئەو عەرەبانەی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق قەرەبوویان وەرگرتووە و دەشگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان و کێشە بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکەن، هەروەها بۆشایی ئەمنی ھەیە لە زۆر ناوچە، ئەوەش دەرفەتی بۆ تیرۆرستان رەخساندووە زیاتر جووڵە بکەن.
سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ دەشڵێت، جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زۆر زیادی کردووە و جگە لە خەڵکی ناوچەکە، ھەتا لەنێو دەزگا حکوومییەکان و ھێزە عێراقییەکان ھاوکاریی داعش دەکرێت، بێزاریی عەرەبی سوننەش لە حکوومەتی بەغدا، کاریگەری ھەبووە لەوەی ھاوکار بن لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم، ھەروەھا ئیدارەیەکی ھاوبەش دروست بکرێت بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تێکچوونی رەوشی ناوچە کوردستانییەکان، کاریگەری لەسەر کۆی رەوشی عێراق ھەیە، ئەگەر بەغدا بیەوێ سەقامگیری بۆ عێراق بگەڕێتەوە، سەرەتا پێویستە کێشەی ئەو ناوچانەی سنووری ماددەی ١٤٠ چارەسەر بکرێت، چونکە ئێمە پێمان وایە بەشێکی کۆچی ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بۆ دەرەوە، بۆ ھەبوونی کێشەی ئەمنی دەگەڕێتەوە.
قائید میرۆ




