سیپان شێروانی: بڕیاری دادگا کاریگەریی لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نابێت

بەغدا -KDP.info- دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دەرکرد، پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای کرد، ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و دەستووری بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان گیراوەتەبەر و دەڵێت، پێ ناچێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی دەستەی ھەڵبژێردراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە کاریگەریی زۆری ھەبێت.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێ ناچێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەی دەستەی ھەڵبژێردراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە کاریگەریی زۆری ھەبێت، چونکە ھەموو ڕێکارەکانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ڕێکاری دەستووری و یاسایی بوون و ھیچ لادانێکی دەستووری ڕووی نەداوە، ھەتا کاتێک بەھۆی نەخۆشییەوە مەحموود مەشھەدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بەجێ ھێشت، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمان بڕیاری ئەوەی دەرکرد کۆبوونەوەی پەرلەمان درێژەی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق، بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەبوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەبات، نەک پەرلەمانتاری دەرچوو.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەگەر لەنێو دەستووردا ئاماژەی بە پەرلەمانتاری دەرچوو بکردابووایە ئەوە پێویست بوو پەرلەمان چاوەڕێی گەڕانەوەی مەشھەدانی بکات و کۆبوونەوەکە ڕابگرێت، بەڵام مادام دەڵێت ئامادەبوو، ھەر پەرلەمانتارێکی ئامادەبوو بەتەمەنترین بێت، بەپێی دەستوور دەتوانێت کۆبوونەوە بەڕێوە ببات.''
سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تانە لە بڕیاری دادگا بدات لەبارەی ڕاگرتنی کارەکانی و، ئەگەر بڕیارەکە ھەڵوەشایەوە ئەوە بڕیارە لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە، بەڵام ھێشتا کارنامەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.''
قائید میرۆ




